چەند رۆژێکە

کەسێک 400 ملیۆنی کاسبکارانی عەلوەی کەلاری بردووە و دیار نەماوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

ھاوڵاتيیەکی خەڵکی شارەبان بە نەتەوە عەرەب، زیاتر لە 400 ملیۆن دیناری چەند کاسبکارێکی عەلوەی کەلاری بردووە و ماوەی چەند رۆژێکە سۆراغی نيیە و ژمارە مۆبایلەکەشی داخستووە.

یەکێک لەو کاسبکارانەی عەلوەی کەلار کە پارەی براوە، نەیویست ناوی بھێنرێت بە 964ى وت، “ئەو ھاوڵاتيیە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە ھاتوچۆی عەلوەی کەلار دەکات و باری ميوە و سەوزە لە چەند کاسبکارێک دەکڕێت و دەیبات بۆ ناوچەکانی خوارووی عێراق”.

“پێشتر ھەرچی بردووە، دواتر پارەکەی ھێناوەتەوە، وای کردووە متمانە پەیدا بکات لەناو عەلوەکە، نزیکەی 15 ملیۆن دینارم لایەتی، کە هی مانگێک پێش ئێستایە، کاسبکاری دیکە ھەیە 60 ملیۆنی لای ئەو کابرایەیە”، ئەو کاسبکارە وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد،”ئەو ھاوڵاتییە خەڵکی شارەبانە، لە ناحیەی عەربەت نیشتەجێیە، ئەمڕۆ کەسم ناردووەتە ماڵەکەی لە عەربەت، ماڵەکەشی چۆڵە و کەسی تێدا نییە و دەرگای لێنەکراوەتەوە”.

ئەو کاسبکارە وتیشی، “تا ئێستا سکاڵامان تۆمار نەکردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ برایەکی ئەو ھاوڵاتییە کردووە کە پارەکەی بردووە، پێی وتم خەمتان نەبێت پارەی نەبردووە و چەند کەسێک بێزاریان کردووە، بۆیە ژمارەی داخستووە و لە بەغدایە، کە گەڕایەوە پارەکەتان دەداتەوە، بەڵام ئەو کاسبکارە وەک خۆی دەڵێت، ھیچ ئومێدێکیان نییە کە پارەکەیان بۆ بگەڕێتەوە”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

کارمەندێکى هاتوچۆى سلێمانى بڕە پارەیەکى زۆرى بردووە و ...

کارمەندێکى هاتوچۆى سلێمانى بڕە پارەیەکى زۆرى بردووە و هەڵاتووە