وەزعیان خراپە
بازاڕی كاڵا فۆلكلۆرییەكان لەسلێمانی نزیكبووەتەوە لە سفر
964+
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
بازاڕی كاڵا فۆلكلۆری و كوردەوارییەكان لە سلێمانی لەدۆخێكی خراپدایە و فرۆشیاران كاڵاكانیان بۆ ساغناكرێتەوە.
بەشێكی ئەو بازاڕە فۆلكلۆرییانەى سلێمانى، دەكەونە مەزادخانەكەی خوارەوە و بابەتی فۆلكلۆریی و قەدیمی تێدا دەفرۆشرێت لەوانە، بەڕە، جاجم، پۆپەشمین، بەرماڵی خوری مەڕ، كەڵچیتی تەونی فەرش، جانتای كەشكۆڵ، گڵۆنكەی رستەیی و فەرشی عەنتیكی دەستی.
ئارام ئیسماعیل، یەكێكە لەو دوكاندارانەی لەسەرەتای لاوێتییەوە لە مەزادخانەكەی خوارەوە خەریكی كاری فۆلكلۆرییە و بە 964ی وت، ماوەی 37 ساڵە لەم بازاڕە بابەتی فۆلكلۆریی دەفرۆشین، هەرگیز وەك ئەم ماوەیە وەزعمان خراپ نەبووە، بەڵام حەزو خولیامان بۆ كارەكەمان بەردەوامی پێداوین.
وەك باسی دەكات، جاری واهەیە بە 10 رۆژ سفتاحیان نەكردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش كۆڵیان لە كەسابەتەكە نەداوە.
ئارام ئیسماعیل ئەوەشی خستەڕوو، كاڵاكانیان كەمێك نرخیان بەرزە، بەڵام هەمووی شتی دانسقە و فۆلكلۆرین و لەهەموو شوێنێك دەستناكەون.
“شتومەك و كاڵایەكی زۆرمان لەخۆمان كۆكردووەتەوە و هەیە نرخەكەی دەگاتە سەروو 20 هەزار دۆلار، ناچارین بەدیارییەوە دابنیشین بەڵكو بفرۆشرێت، بەڵام ئێستا ئەوپەڕی بێ بازاڕیمانە و ئەوەی باشە كرێیەكەمان سەرقفڵانەیە و كەمە، ئەگەرنا ناچار دەبووین دوكانەكانمان دابخەین” ئەو دوكاندارە وای وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح