چەند بڕگەیەكی دیكەش لە بەرنامەن

پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و خوێندنەوە بۆ یاسای حەشدی شەعبی دەكرێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بە گوێرەی راگەیاندراوی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمان دانیشتنی دەبێت و یەكێك لە بڕگەكانی بەرنامەی كار، خوێندنەوەیە بۆ یاسای دەستەی حەشدی شەعبی.

بڕیارە پەرلەمانی عێراق ئێوارەی دووشەممە 24.3.2025 لە كاتژمێر 8ی شەو دانیشتن ئەنجام بدات و گفتوگۆ و دەنگدانی لەسەر چەند بڕگەیەك هەیە، گرنگترینیان خوێندنەوەی یەكەمە بۆ یاسای دەستەی حەشدی شەعبی.

پێش دانیشتنی ئەمڕۆ، دوێنێ لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمان بە سەرۆكایەتی كەریم علێوی ئەلمحەمەداوی، لە بارەی پڕۆژەی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی كۆبوونەوە و گفتوگۆی پڕۆژەكەیان كرد، دواتر بڕیاریان دا پڕۆژەیاساكە بۆ سەرۆكی پەرلەمان و جێگرانی بەرزبكەنەوە بە ئامانجی گفتوگۆ و دەنگدان لەسەری.

هێنانەپێشی یاسای حەشدی شەعبی، كە سەرەتا لە بەرنامەی كاری ئەو دانیشتنەی پەرلەمان نەبوو، لە كاتێكدایە عێراق لە ژێر فشاری ئەمریكادایە بۆ رێكخستنەوەی هێز و میلیشا چەكدارەكان، بەشێكی زۆری لایەنە شیعییەكانیش دەیانەوێت دەستەی حەشدی شەعبی بكرێتە بەشێك لە سیستمی بەرگری و بچێتە ناو چوارچێوەی هێزە چەكدارەكانی عێراق.

یاسای دەستەی حەشدی شەعبی پێشتر لە ژێر ناوی “یاسای خزمەت و خانەنشینیی موجاهدینى حەشدی شەعبی” برابووە پەرلەمان، بەڵام كێشەی لەسەر بوو، بۆیە خوێندنەوەی بۆ نەكرا.

حەشدی شەعبی، هێزێكە لە عێراقدا، كە لەسەر فەتوای جیهادی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق سەید عەلی سیستانی لە 14ی ئاداری 2014 بۆ شەڕكردن دژی رێكخراوی داعش دامەزرا.

حەشدی شەعبی لە 67 بەش (فەسیڵی سەربازی) پێكهاتووە و بە هەزاران چەكداری هەیە.

هاوكات بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان چەند بابەتێكی دیكەش گفتوگۆ و دەنگدانی بۆ بكرێت، لەوانە هەمواری چوارەمی پڕۆژەیاسای وەبەرهێنانی پیشەسازیی كەرتی تایبەت و گشتی، دەنگدان بە بڕیارێك كە داوا لە وەزارەتی پەروەردە بكات كار بە سیستمی (محاولات) بكات.

هەروەها بڕگەكانی دیكەش پێكهاتوون لە، راپۆرتی لیژنەی كاتی بۆ چاودێریكردنی موڵكەكانی دەوڵەت، خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمواری دووەمی پڕۆژەیاسای موختارەكان و چەند بڕگەیەكی دیكەی یاسایی.

رۆژی 11ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق دانیشتنی هەبوو، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی، كە ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران ئامادەنەبوون، دانیشتنەكە دواخرا، هەروەها لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی رابردوو، دوو رۆژ لەسەریەك پەرلەمان نەیتوانی بەهۆی تەواونەبوونی نیسابەوە دانیشتن ئەنجام بدات.

"حەشدی شەعبی كرده‌وه‌یه‌كی مه‌ترسیدارى شوێنه‌وارى له‌ گوندی شەناغە ئه‌نجامداوه‌"