وەرزى بەختەوەرییە
دیالە 70 هەزار تۆن لیمۆى بەرهەمهێناوە
964+
تەنیا لەم وەرزەدا، پارێزگاى دیالە 70 هەزار تۆن لیمۆى بەرهەمهێناوە، کەمئاویى و وشکەساڵیش کاریگەرى لەسەر بەرهەمەکەى هەبووە، بەڵام ئەو رێژە زۆرەى بەرهەمى لیمۆ، وەرزى بەختەوەرى بۆ جوتیاران دروستکردووە.
ئیسماعیل تاڵیب حەسەن، سکرتێری یەکێتی کۆمەڵەى جووتیاران لە دیالە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند،”جوتیارانى پارێزگاى دیالە لەم وەرزەدا، زیاتر لە 70 هەزار تۆن لیمۆیان بەرهەمهێناوە”.
جەختیشکراوەتەوە، سەرەڕاى کەمى ئاو و وشکەساڵىـ بەڵام رێژەى بەرهەمهێنان بەرز بووەتەوە.
وەک باسى دەکات، بازاڕ و دوکانەکان شاهیدی قەرەباڵغی بەروبوومی ناوخۆیی بوون سەرەڕای بوونی بەروبوومی هاوردە.
بە وتەى ئیسماعیل تاڵب، ئەگەر وشکەساڵى نەبوایە، لە سێ ساڵى رابردوودا بەروبوومى باشتریان دەبوو.
“ژیان بۆ باخەکانی پارێزگاکە گەڕاوەتەوە، باشترین جۆری میوەی لیمۆیان بەرهەمهێناوە، ئەمە وەرزی بەختەوەرییە بۆ خەڵکی دیالە لەڕووی میوەی لیمۆوە”. ئیسماعیل تاڵب واى وت.
داواى لە وەزارەتى کشتوکاڵى عێراقیش کرد، هاوکارى جوتیاران بکات بۆ ئەوەى باشترین و زۆرترین بەرهەمیان هەبێت و بازاڕى ناوخۆ ئاوەدان بکەنەوە.