ئیتر غازی ئێران نەما

عێراق سوورە لەسەر زیادكردنی بەرهەمی غاز

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

لە وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبوونەوەیەك كرا و تێیدا جەخت لەوە كرایەوە، وەزارەت سوورە لەسەر زیادكردنی بەرهەمی غاز و پەرەپێدانی كێڵگە غازییەكان، ئەمەش دوای ئەوەی عێراق چیتر بۆی نییە غاز لە ئێران بكڕێت و ئەمریكا كۆتایی بە مۆڵەتەكە هێنا.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیاندراوێكدا لەسەر پەیجی فەرمیی خۆی بڵاویكردەوە، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە حەیان عەبدولغەنی، بە ئامادەبوونی بریكاری وەزارەت و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرەكان كۆبوونەوەیەكیان كردووە، كە تێیدا تاوتوێی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی غاز لە ماوەی ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوودا كراوە.

“وەزیر جەختی لە پەرۆشی وەزارەت کرد بۆ زیادکردنی رێژەی وەبەرهێنانی غاز لە رێگەی ئەو پڕۆژانەی کە لە وەبەرهێنانی غازی پەیوەندیدار و پەرەپێدانی کێڵگە غازییەکان جێبەجێ دەکرێن، ئاماژەی بە هەوڵە جدییەکانی وەزارەتەكەی کرد بۆ دەستەبەرکردنی سووتەمەنی غاز بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، بە تایبەتی بۆ کەرتی کارەبا”، لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە.

هەروەها باس لە ئامادەکارییەکان کراوە بۆ دابینکردنی غازی وشک بۆ تۆڕی گواستنەوەی غازی نیشتمانی، بۆ پاڵپشتیکردنی دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ماوەی هاوینی داهاتوودا، جگە لەو پڕۆژانەی کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا تەواو بوون کە پاڵپشتی بەرهەمهێنانی غازی نیشتمانی دەبن، هەروەها پێداچوونەوە بە پلانی بەرهەمهێنانی غاز و وەبەرهێنان بۆ ساڵی ئێستا و ساڵانی داهاتوو.

ئەم هەوڵ و هەنگاوانەی وەزارەتی نەوتی عێراق دوای ئەوە دێت، ئەمریكا چیتر رێگەی نەدا عێراق غاز لە ئێران بكڕێت بۆ وێستگەكانی كارەبا لە ناو عێراقدا، كە چەند ساڵێك بوو سەرەڕای سزاكان بۆ سەر ئێران، بەڵام رێگەپێدانێك بۆ عێراق هەبوو غاز لە ئێران هاوردە بكات، بەڵام لە 8.3.2025 مۆڵەتەكە كۆتایی هات، ئیتر عێراق دەبێت پشت بە خۆی ببەستێت، یان غاز لە وڵاتێكی جگە لە ئێران بكڕێت.

كێڵگەی كۆرمۆر لە بەرهەمهێنانی غاز دەوەستێنێت 

كێڵگەی كۆرمۆر لە بەرهەمهێنانی غاز دەوەستێنێت