لە دوای جەژن، جەژنێکی تر لە رێیە
هەزاران ناونیشانی دانسقەو سەدان ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە چاوەڕێتانن
ژووری هەواڵ
رۆژانی 9 هەتا 19ی مانگی چوار پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب بەڕێوە دەچێت، هەزاران ناونیشانی دانسقەو سەدان ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە چاوەڕێتانن، بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک 964 هاوبەشی میدیایی پێشانگاکایە.
تۆڕی 964 و ناوەندی مەدا لەسەر ئەم پرۆژە نوێیە راگەیەندراوێکی هاوبەشیان هەیە، ئەمە دەقەکەیەتی:
ئەم بەهارە دیسان هەولێر دەبێتەوە پایتەختی دۆستانی کتێب، کەمتر لە 20 رۆژ ماوە بۆ دەستپێکردنی گەورەترین چالاکی کلتوری و رۆشنبیری لەسەر ئاستی هەموو عێراق، ئەویش خولی حەڤدەهەمی پێشانگای نێودەڵەتی هەولێرە بۆ کتێب.
هەزاران ناونیشانی دانسقە، سەدان ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی گەورە لە عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەرودراوسێ، دەیان نوسەر لەیەک ناونیشان کۆدەبنەوە.
رۆژانی 9 هەتا 19ی مانگی چوار، لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب لە پارکی سامی عەبدولرەحمان، دۆستانی کتێب و عاشقانی خوێندنەوە بەم بۆنە گرنگە ساڵانەیە شاد دەبنەوە.
بۆ سێهەمین ساڵ لەسەر یەک تۆڕی 964 دەبێتە هاوبەشی میدیایی پێشانگای نێودەڵەتی هەولێر بۆ کتێب، ناوەندی ئەلمەدا و تۆڕی 964 هەموو توانای خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی نموونەی سەرکەوتنەکانی ساڵانی پێشوو بە نوێگەرییەوە دووبارە بکەنەوە.