دەست بەسەرداگرتنی کەشتییەکە _ وێنە: سەرۆکایەتی ئەرکانی عێراق
لە ئاوەکانی بەسڕە
کەشتییەکی بێ مۆڵەت بە کاپتنێکی ئێرانی و شەش هندییەوە گیرا
964+
ئەحمەد مستەفا
هێزی دەریایی عێراق، لە ئاوەکانی بەسڕە دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرت کە “مۆڵەتی تێپەڕینی دەریایی نەبووە”، بەڵام دەوترێ کاپتەنەکەی ئێرانی بووە.
هێزە دەریاییەکان، گومانی قاچاخ بردنی نەوتیان لێ کردووە.
لە راگەیەندراوێکدا، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 19.3.2025 ئەو دەست بەسەرداگرتنەی راگەیاند، کە هێزە دەریاییەکان ئێوارەی سێشەممە، لەلایەن هێزەکانی فەوجی یەکـی دەریایی، سەر بە لیوای دووی دەریایی هەڵمەتەکەیان ئەنجامداوە و دەستیان بەسەر کەشتییەکەدا گرتووە.
ئەو هێزە ئەرکی پاراستنی بەندەری نەوتی بەسرە و سەکۆی نەوتییەکانە، سەرۆک ئەرکان دەڵێ، لە هەڵمەتەکەدا دەست بەسەر کەشتییەکەدا گیراوە، کە کاپتنەکەی ئێرانی بووە لەگەڵ تیمێکی هەشت کەسی کە دوویان عێراقی و ئەوانی دیکەش هیندی بوون هەموویان دەستگیرکراون.
ئەوان، بەبێ رێگە پێدانی فەرمی هاتوونەتە ئاوەکانی عێراق و گومانی قاچاخیی نەوتیان لێ کراوە، لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە، کەشتییەکە گواستراوەتەوە بۆ بنکەی دەریایی ئوم قەسر، هەروەها تیمەکەی بەپێی رێکارە یاسیاییەکان رادەستی بنکەی پۆلیسی ئوم قەسر کراون.