حاسڵاتی ئەمڕۆ

پۆلیسی ئەخلاق گۆڕانکاری بەسەرداهات و لە ئەستەنبوڵیش باری نیمچە نائاساییە

964+

ژووری هەواڵ

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: یاسای باڵاپۆشی وڵاتەکەی هەموارکراوەتەوەو لەو چوارچێوەیەدا بەهەموو شێوەیەک گەڕان و چاودێری پۆلیسی رەوشت هەڵوەشاوەتەوە، تیمەکانی پۆلیسی رەوشت کاریان ئەوە بوو بە ناو شوێنە گشتییەکاندا دەگەڕان و خەڵکیان ناچار دەکرد باڵاپۆش بن، ئەم تیمانە تۆمەتباربوون بە کوشتنی ژینا ئەمینی.

دوای ئەوەی پۆلیسی تورکیا ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ و 100 کەسی دیکەی دەستگیرکرد، باری نیمچە نائاسایی لە زۆربەی شوێنە هەستیارو بەرچاوەکانی ئەستەنبوڵ راگەیەندرا.

والی ئەستەنبوڵ بڕیاریدا بۆ ماوەی چوار رۆژ بەهەموو شێوەیەک خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی ناڕەزایی قەدەغە بکات، رێکخراوەکانی چاودێری ئینتەرنێتیش دەڵێن لە زۆر شوێنی تورکیا تۆڕەکانی ئێکس و یوتیوب و ئینستاگرام و تیکتۆک پەکخراون، بۆ ئەوەی بەر بە هەر ناڕەزایەتییەک بگیرێت.

هەرچەندە بانکی ناوەندی تورکیا بڕێکی زۆرتر دۆلاری خستە بازاڕەوە بۆ ئەوەی رێگە بگرێت لە دابەزینی بەهای لیرە، بەڵام ئەمە دادی ئەو وڵاتەی نەداو کەمێک لەمەوبەر لیرە ژمارەیەکی نوێی تۆمارکرد، یەک دۆلار گەیشتە 42 لیرە، نرخی پێشوتری 37.9 لیرە بوو، هۆکاری ئەمەش دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵە.

هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا دەڵێن هەموو ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ ناڕاستن و تەنیا ئەوەی روودەدات بە هەموو مانایەک کودەتایە، تەنیا بۆ ئەوەش دەکرێت ئەردۆگان هیچ رکابەرێک بۆ سەرۆکایەتی نەهێڵێتەوە.

ئەو تۆمەتانەی رووبەرووی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ کراونەتەوە بریتین لە پێدانی بەرتیل و دروستکردنی مافیا، ئەمەش دوای ئەوە هات ئۆغڵو رایگەیاند کە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی خۆی کاندید دەکات و بەپێی راپرسییەکانیش لەپێش ئەردۆگانەوەیە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەفدی ئیدارەی سوریا لە حەسەکە رێکەوتوون لەسەر ئەوەی لەسەرانسەری سوریا شەڕو رووبەڕووبوونەوە رابگیرێت.