نوخشە ناسیح بووە پارێزگاری هەڵەبجە بە وەكالەت
پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت
یەكەم ژنە پارێزگار لە هەرێمی كوردستان بە فەرمی دەستبەكار بوو
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ نوخشە ناسیح فەرمانی دەستبەكاربوونی لە وەزیری ناوخۆی كوردستان وەرگرت و بە پارێزگاری نوێی هەڵەبجە بە وەكالەت دەستبەكار بوو، بووە یەكەم ژنە پارێزگاریش لە مێژووی هەرێمی كوردستان.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە سۆشیال میدیا هەواڵ و وێنەی پێدانی فەرمانەكەی وەزیری ناوخۆ رێبەر ئەحمەدی بە ژنە پارێزگارەكەی هەڵەبجەی بڵاوكردەوە، كە ئەمڕۆ چوارشەممە 19.3.2025 فەرمانی دەستبەکاربوونی پێدرا.
نوخشە ناسیح قایمقامی هەڵەبجە بوو، دوای دەستلەكاركێشانەوەی پارێزگاری هەڵەبجە ئازاد تۆفیق، كرایە پارێزگار بە وەكالەت.
وەزارەتی ناوخۆ لە بارەی پارێزگاری پێشوو دەڵێن، “وەزیری ناوخۆ پیرۆزبایی لە خاتوو نوخشە ناسیح دەكات و رۆڵی دیاری مامۆستا ئازاد تۆفیق پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە و خزمەتەکانی بۆ شاری هەڵەبجە و نوێنەرایەتیکردنی حکومەتی کوردستان بەرز دەنرخێنێت”.