قەرەداغ
دارە تەڕەکان دەستیان بەسەرداگیرا و داربڕەکان لەوێ نەبوون
964+
وریا فەتاح
پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى، لە سنوورى قەرەداغ دەستیانگرت بەسەر دوو عەرەبانە دارى تەڕى بڕدراو، بەڵام هیچ داربڕێک لەوێ نەبوو.
بەپێى راگەیەنراوێکى پۆلیس، ئەمڕۆ 16.3.2025، لە ئەنجامی دەرچونی مەفرەزەیەکی خاڵی دێلێژەی سەر بە بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەرەداغ بۆ سنووری گوندی کەسنەزان، دەستگیرا بەسەر ژمارەیەك داری بڕدراوی تەڕ لەجۆری بەڕوی.
وەک باسى دەکات، تەمەنى دارەکان جیاواز بوون، بڕى دارەکانیش نزیکەى دوو عەرەبانەى تراکتۆر دەبوون.
هەرچەندە لەوکاتەدا کە پۆلیس گەشتووە هیچ داربڕێک لە شوێنەکە نەبووە، بەڵام بە بڕیارى دادوەر، پەڕاوى لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەیان دەستیپێکردووە.