هه‌ڵمه‌تێكی به‌خشینى خوێن راگه‌یه‌ندرا
نه‌خۆشانى تالاسیماى ئاكرێ و به‌رده‌ڕه‌ش پێویستیان به هەموو جۆرە خوێنێکە
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ته‌ندروستیى ئاكرێ ده‌ڵێت، به‌هۆى ئه‌وه‌ى نه‌خۆشانى تالاسیما له قه‌زاكه‌یان و به‌رده‌ڕه‌ش پێویستیان به خوێنە، هه‌ڵمه‌تێكی فراوانیان بۆ راگه‌یاندوون بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن خوێنیان بۆ له خوێنه‌به‌خشان كۆبكه‌نه‌وه.
هه‌ڵمه‌ته‌كه رووى له ناحیه‌ى دینارته‌ى سه‌ر به ئاكرێ و ده‌وروبه‌رى كردووه، خوێنبه‌خشان ئاگدار كراونه‌ته‌وه، رۆژى یه‌كشه‌ممه 16.3.2025 له كاتژمێر 8:00ـى شه‌و له بنكه‌ى ته‌ندروستى ئاماده‌بن بۆ خوێنبه‌خشین.
راگه‌یاندنى ته‌ندروستیى ئاكرێ ده‌ڵێت، هه‌ڵمه‌ته‌كه له‌لایه‌ن تیمه‌كانى بانكى خوێن ئه‌نجام ده‌درێت و هیواداره خه‌ڵكى سنوورى ئه‌م ناحیه‌یه به‌شدارى هه‌ڵمه‌ته‌كه بكه‌ن چونكه ده‌ڵێت “نه‌خۆشانى ته‌لاسیما پێویستی زۆریان به هه‌موو جۆره خوێنه‌كه”.
به‌پێى نوێترین ئامار، ته‌نیا له‌ناو سه‌نته‌رى قه‌زاى ئاكرێ 243 حاڵه‌تى نه‌خۆشی تالاسیما تۆمار كراون و به فه‌رمى چاره‌سه‌رییه‌كان له نه‌خۆشخانه‌ى گوڵان وه‌رده‌گرن.
پێشتر، محێدین عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمای دهۆک بە 964ی وتبوو، هەزار و 200 تووشبووی تالاسیما لە سنوری پارێزگای دهۆک هەیە، لەو ژمارەیە 900 کەسیان دانیشتووی سەنتەری پارێزگای دهۆکن.
وتیشی، ساڵانە نزیکەی 10 حاڵه‌تى نەخۆشی تالاسیما لە سنوری پارێزگاكه‌یان زیاد دەبن، به‌ڵام ده‌ڵێنت “ئەم رێژەیە زۆر مەترسی نییە”.