رانیە
بەهۆى پەنگخواردنەوەى غاز ماڵێک تەقییەوە
964+
محەمەد عەلى- راپەڕین
بەهۆى تەقینەوە لە ناو ماڵیکى نزیک ناوچەى پیشەسازى رانیە، زیانێکى زۆر بەر ماڵەکە کەوت، بۆیلەرى ئاوى ماڵەکە پارچە پارچە بووە، بەڵام تائێستا روون نەبووەتەوە، هۆکارەکە تەقینەوەى بۆیلەرەکە بووە یان بەهۆى غازەوە روویداوە.
بریندارێک هەیە
عەلى قادر، وتەبێژى بەرگرى شارستانى راپەڕین بە 964ـى وت،”تیمەکانیان گەیشتونەتە شوێنەکە، لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردەوە، دەوترێت بۆیلەر تەقیوە، بەڵام نازانن هۆکارەکە بۆیلەر بووە یان پەنگخواردنەوەى غاز”.
دەشڵیت: کەسێک لە رووداوەکەدا بریندار بووە، بەڵام برینەکەى سووکە و جێى مەترسى نییە.
بەپێى ئەو دیمەنانەبێت کە بۆ 964 نێردراوە، ناو ماڵەکە بەتەواوى تێکچووە و زیانێکى زۆرى پێگەیشتووە.
نوێکردنەوە کاتژمێر 12:50 خولەک:
“رووداوەکە بەهۆى لێچوونى غازەوە روویداوە، دواى لێکۆڵینەوە بۆمان دەرکەوتووە غازێکى زۆر لە ماڵەکە پەنگیخواردووەتەوە و دواتر ئەو تەقینەوەیە روویداوە”، وتەبێژى بەرگرى شارستانى راپەڕین واى وت.
لەگەڵ تەقینەوەکە، بۆیلەرى ماڵەکە بووە بەچەند پارچەیەکەوە ئەوەش گومانى ئەوەى دروستکرد کە هۆکارەکەى تەقینەوەى بۆیلەرەکە بووە.
بەوتەى عەلى قادر، هەبوونى بوتڵى غاز لە ماڵەوە سەلامەت نییە، پێویستە بەردەوام چێک بکرێتەوە و لەکاتى بوونى حاڵەتى لەم شێوەیەش دەبێت دەرگاو پەنجەرەکان بکرێنەوە بۆ ئەوەى غازەکە بڕواتە دەرەوە.