پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ
ئەگەر كار وا بڕوات پڕۆژەكە لە كاتی خۆیدا تەواو نابێت
+964
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ بڕیار بووە لە وادەی خۆیدا تەواو بکرێت کە 730 رۆژی بۆ دانراوە، بەڵام كۆمپانیای جێبەجێكار دەڵێن یەك دیناریان وەرنەگرتووە، بەڕێوبەری فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵیش دەڵێت، ئەگەر بەم شێوەیە کار بکرێت پڕۆژەکە لە کاتی خۆیدا تەواو نابێت
بە پێی زانیارییەكانی 964 كارێكی ئەوتۆ لە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ نەكراوە و نزیکەی %6 کارەکانی ئەنجام دراوە، ئەویش دروستكردنی سێ حەوزی سەرەکییە لە ناحیەی ئاغجەلەر، گوندی گۆپتەپە و گوندی قشڵاخ.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە ناو پڕۆژەکە بە 964ی وت، زیاتر لە مانگێک دەبێت بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیای جێبەجێكارەوە، هەموو کارکردنێک لە پڕۆژەکەدا وەستاوە، بۆیە تا ئێستا کۆمپانیا ئەو خەرجییەی كردوویەتی، لەسەر ئەرکی خۆی بووە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت بوجەی پڕۆژەکە لەسەر ئەرکی ئیدارەی گشتیی پارێزگای سلێمانی سەرف بکرێت، بۆیە ئێستا سەرقاڵی گۆڕانکارین لە دیزانەکاندا، بەڵام ناتوانن بڵێن بە تەواوی پڕۆژەکە پەکی کەوتووە.
کار کردن لە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ بەردەوامە
زیاد جاندار، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ بە 964ی وت، كاركردن لە پڕۆژەكە وەستاوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە تا ئێستا كۆمپانیای جێبهجێكار لهسەر گیرفانی خۆى بەردەوامی بە پڕۆژەکە داوه.
“ئێمە هەفتەی رابردوو لە بنکەی ئاغجەلەر کۆبوونەوەمان کردووە، كۆمپانیاكه داواى دوو سلفەیان کردووە بە بڕى 15 ملیار دینار، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕەپارەیەکان وەرنەگرتووە”، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ وای وت.
بڕیارە به تهواوبوونى پڕۆژەكە، له یهک كاتژمێردا سێ ههزار و 400 مهترسێجا ئاوی خاوێن بگەیەندرێتە قەزای چەمچەماڵ و ناحیە و گوندەكانی دەوروبەری.
پڕۆژەکە لە 30.6.2024ەوە دەست به كارهكانى کراوە و بودجهى پڕۆژەکەش بریتییه له 114 ملیار دینار و پێویسته لە ماوەی 730 رۆژدا تەواو بکرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا