هاککەرێک
بەناوی كاری خێرخوازییەوە
ژمارەیەک هەژماری فەیسبووک و سناپی ژنان لە هەولێر هاككراون
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بە ناوی پێدانی 25 ملیۆن دینار و 100 دانە مۆبایلی ئایفۆن بە خەڵكی هەژار، چەندین كەس لە خشتە براون لە هەولێر و هەژماری فەیسبووك و سناپچاتی ژنان هاككراون.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر بڵاویكردەوە، کەسانی نەفسنزم بە ناوی بەخشینی خێر بە بەهای 25 ملیۆن دینار و هەروەها بەخشینی 100 مۆبایلی ئایفۆن بە هەژاران، هەژماری فەیسبووک و سناپچاتی زیاتر لە 10 ژنیان هاككردووە و دەستیان بەسەردا گرتوون، هەروەها تووشی هەڕەشە و كاری نەشیاویان كردوون.
بەڕێوەبەرایەتییەكە دەڵێت، دوو رۆژە ئەم كارە روویداوە و پەیجێكی ساختە بە ناوی دەزگای خێرخوازی ئەم كارەی بەرامبەر ئەو ژنانە كردووە.
بە گوێرەی سەرچاوەكە ئەو پەیجە قسەی لەگەڵ ئەو ژنانە كردووە و پێیان وتوون ئەوان پارە و مۆبایل دەكەنە خێر و ئەوانیش بەشداربن و كارتێكیان بۆ بنێرن، ئەو ژنانەش دیارە دڵپاك بوون و ویستوویانە بەشداریی خێرەكە بكەن، ئیتر لینكێكیان بۆ نێردراوە بۆ ئەوەی خۆیان تۆمار بكەن، لەو رێگەیەوە زانیارییە كەسییەكانیان لێوەرگرتوون و هاكیان كردوون.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر دەڵێت، ئاگاداری ئەو پەیجە ساختانەبن و ئاگاداری خۆتان بن، بۆ ئەوەی هاكتان نەكەن و وێنە و زانیاری و ڤیدیۆكانتان نەكەوێتە دەست كەسانی ساختەچی و نەفسنزم، كە دواتر بەهۆیەوە هەڕەشەتان لێبكەن و تووشی كێشەبن، بە تایبەتی ژنان و كچان.