سەگی بێ لانە _ وێنە: 964
شارەوانی کارەکەی پێ باشە
پزیشکێک پڕۆژەی هەیە سەگە بێلانەکانی چەمچەماڵ نەزۆک بکات
964+
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
دکتۆرێک بڕیاری داوە سەگە بێلانەکانی قەزای چەمچەماڵ نەزۆک بکات و رێگە لە زۆربوونی ژمارەیان بگرێ، شارەوانیش پێیان وتووە، بەهەموو شێوازێک پشتیوانی دەکەن، تا لەگەڵ هاوکارەکانی پڕۆژەکەی جێبەجێ بکات.
سەگی بێلانە زۆر بەخێرایی لەناو قەزای چەمچەماڵدا بڵاوبوونەتەوە، زیاتریش لەو گەڕەکانەن کە نزیکن دەوروپشتی قەزاکەن.
مەڕوان عوسمان، بەکالۆرێوس لە پزیشکی ڤێتێرنەری و نەشتەرگەری بە 964ی وت، ماوەی چەند هەفتەیەک دەبێت ئەم بیرۆکەیەی لەلا گەڵاڵە بووە، کە بڕیاری داوە سەگە بێلانەکانی ناوشاری چەمچەماڵ نەزۆک بکات،، تاوەکو وەک هەوڵێک رێگری بێ لە زیادبوونی رێژەیان، بەڵام دەڵێ، ئەگەر دەستی هاوکاریم بۆ درێژنەکرێت بەتەنیا زەحمەتە کارەکە.
ئامانجی سەرەکی ئەو لە پڕۆژەکەی، کەمکردنەوەی سەگەبێلانەکانی شارە تاوەکو هاوڵاتیانیش بێزار نەبن، لە حاڵێکدا سەگەکان کۆنەکراونەتەوە لە هیچ شێڵتەرێک دا.
ئەو پزیشکە وتی، پڕۆژەکەم لەگەڵ چەندین دکتۆری هاوڕێم باسکردووە، بۆ ئەوەی بتوانن هاوکاریم بکەن و کارەکە بە ئەنجام بگەیەنین، بەڵام بڕیارمانداوە لە دوای مانگی رەمەزانەوە دەستپێ بکەین.
ئارام نەجات، سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ لەسەر هەوڵی ئەو پزیشکە بە 964ی وت، هەموو پاڵ پشیتی و پشتیوانیەک بۆ ئەو دکتۆرە دەردەبڕین، ئەگەریش بە دابینکردنی کارمەندەکانی خۆشمان بێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا