ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆمارى راگوزەرى سوریا
745 هاوڵاتى مەدەنى کوژراون
ئەحمەد شەرع:ئەوانەى خەڵکى مەدەنیان کوشتووە رووبەرووى سزا دەبنەوە
964+
وریا فەتاح
سەرۆک کۆمارى راگوزەرى سوریا لەسەر گرژییەکانى وڵاتەکەى پەیامێکى نوێى بڵاو کردەوە و دەڵێت، سوریا لەبەردەم مەترسییەکى نوێدایە و ئەوانەى خەڵکى مەدەنیان کوشتووە رووبەڕووى سزا دەبنەوە.
ئەحمەد شەرعى سەرۆک کۆمارى راگوزەرى سوریا لە نوێترین پەیامیدا رایگەیاند،”سوریا رووبەڕووى هەوڵێکى تێکدەرانە و ئاژاوە بووەتەوە، ئێستا ئێمە خۆمان لەبەردەم مەترسییەکى نوێداین”.
” گرژى و رووداوەکانى لازقییە، ئاشوبى پاشماوەکانى رژێم کە هەندێ لایەنى دەرەکى دنەیان دەدەن بۆ وێرانکردنى وڵاتەکەمان”، شەرع واى وت.
لەبارەى کوژرانى هاوڵاتیانى مەدەنى و بێ چەک، ئەحمەد شەرع وتى،”بێ چەند و چوو، ئەوانەى دەستیان هەیە لە کوشتنى مەدەنییەکان رووبەڕووى سزا دەبنەوە”.
وتیشى،”دەبێت دان بەو راستییانەدا بنێین کە رژێمی رووخاو لە کاتی حوکمڕانیدا برینی قووڵی بەجێهێشتووە، هەر لە زیندانى و ئاوارەبوون و رووخاندنى ماڵەکان، ئەو هەموو برینە ساڕێژکردنیان زۆر قورسە و یەکێک لە ئەنجامەکان ئەوە بوو کە روویدا”.
بەپێى ئامارەکانى روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەرۆژی پێنجشەممەوە 745 هاوڵاتی عەلەوی سیڤیل لە کەناراوەکانی سوریا و چیاکانی لازقییە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سوریاوە کوژراون.
لاى خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی هاوار بڵاویکردەوە، گروپە چەکدارەکانی سەر بە دەسەڵاتی دیمەشق هێرشیان کردووەتە سەر چەند خاڵێکی پشکنینی هەرێمی عەوارز لە گەڕەکی شێخ مەقسودی کوردنشین، لە ئەنجامی هێرشەکەدا سێ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هاوڵاتییەک برینداربوون.
هەرچى کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکانیشە رایگەیاند، راپۆرتی مەترسییدار دەربارەی کوشتنی خەڵکی سیڤیل لە سوریا هەن، لە نێویاندا منداڵ و کەسانی شەڕنەکەر هەن، دەبێ دەستبەجێ ئەو پشێشلکارییانە بوەستێندرێن.