شاندەکە چوونەتە بەغدا

شاندێکی هەڵەبجە نامەیەکیان بۆ بەپارێزگابوون دایە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

964+

ژووری هەواڵ

قایمقامی هەڵەبجە و بەشێک لە کەسایەتییەکانی شارەکە سەردانی بەغدایان کرد و نامەیەکیان رادەستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد بۆئەوەی پاڵپشتی بڕیاری بەپارێزگابوون بکات.

نووسینگەی مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی رایگەیاند، پێشوازی لە شاندێکی خەڵکی شاری هەڵەبجە کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا جەختکراوەتەوە لەوەی ئەرکی پەرلەمان گوێگرتنە لە بۆچوونەکانی خەڵک و دەرکردنی ئەو یاسا گرنگانەیە کە پێداویستی و ئاواتەکانیان بەدی دێنێت لەگەڵ چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت.

شاندەکەی هەڵەبجە داوایان کردووە لە رێگەی دەرکردنی یاسایەکەوە لە پەرلەمان و دەنگدان لەسەری، بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت و مەشهەدانیش گوێی لەو بۆچوونە گرتووە و “داواکارییەکی نووسراوی وەرگرت کە بۆ ئەم مەبەستە ئامادە کرابوو.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، مەشهەدانی پشتیوانیی خۆی بۆ خواستەکانی هاوڵاتیان لە هەموو پارێزگاکان دەربڕی، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت و یەکێتی عێراق بەهێز بکات.

رۆژی 13.3.2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای پارێزگای ھەڵەبجەی پەسەند کرد، رۆژی 2ی نیسانیش ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەکە کرد، دواتر لە رۆژی 4.5.2023 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاساکە تەواو کرد و پێشنیاری ژمارەیەک پەرلەمانتاری خستەڕوو، کە داوای دابینکردنی بودجەیەکیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاوی دەکرد.

بڕیار بوو رۆژی 30.9.2023 لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دەنگ لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام جارێکی دیکە ئەو پرۆسەیە دواخرا، كه‌ بۆ جاری چوارەم بوو دەنگدان له‌سه‌ر یاساكه‌ دوابخات.

ھەڵەبجە بە دووری 75 کیلۆمەتر کەوتووەتە خوارووی رۆژھەڵاتی شاری سلێمانی، له‌ ساڵی 1988 حكومه‌تی به‌عس به‌ چه‌كی كیمیایی هێرشی كرده‌سه‌ر و له‌ ئه‌نجامدا پێنج هه‌زار كه‌س شه‌هید بوون و زیاتر له‌ 10 هه‌زار كه‌سیش بریندار بوون، كه‌ تا ئێستاش كاریگه‌ریی ئه‌و چه‌كه‌ به‌سه‌ر شاره‌كه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه‌ ماوه‌تەوە.

لۆبی هەیە و را جیاوازەکان بۆ بەپارێزگا ناساندنی هەڵەبج...

لۆبی هەیە و را جیاوازەکان بۆ بەپارێزگا ناساندنی هەڵەبجە کەمبوونەتەوە