مەشق و راهێنانى یانەى هەولێر
دواى شەڕەکەى دوێنێ
سەرۆک و ئەندامانى دەستەى کارگێڕى یانەى هەولێر بە کۆمەڵ گۆڕدران
964+
وریا فەتاح
سەرۆک و ئەندامانى دەستەى کارگێڕى یانەى هەولێر، دەستیان لە کارکێشایەوە و لە ماوەى 45 رۆژى داهاتووشدا هەڵبژاردنی دەستەی كارگێڕیی یانەکە ئەنجامدەدرێت و لە ئێستادا دەستەیەکى کاتى سەرۆکایەتى یانەکە دەکات تا هەڵبژاردن ئەنجام دەدریت.
پارێزگاى هەولێر بڵاوى کردەوە، ئەمرۆ شەممە 2025.3.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانى دەستەى کاتى کارگێڕى یانەى وەرزشى هەولێر کۆبۆوە.
دەشڵیت: لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، دواى ئەوەى کارەکانى دەستەى کاتى کارگێڕى یانەى وەرزشى هەولێر بەرز نرخاند کە لە ماوەى رابردوو ئەنجامیانداوە، ئاماژەى بەوەدا کە یانەى هەولێر وەک یانەى دایک و خاوەن مێژوویەکى پڕشنگدار و ناوێکى بەرز، لە سەروى هەموو مانەوەیە و رێگە نادەین ببێتە قوربانی.
” ئامانجى هەموومان خزمەتکردن و بەرەو پێشبردنى یانەکەبووە، لەو پێناوەشدا هەموو هەوڵێکمان بۆ باشترکردن و چاکتر کردنى یانەکە بووە، بەڵام بە داخەوە گرفت و کێشەکان بەردەوامیان هەبووە، بۆیە پێویست ئەمڕۆ لە بنەڕەتەوە چارەسەری ئەو كێشانە بكرێت نەوەك بەشێوەیەكی كاتی”، لە کۆبوونەوەکەدا وا وتراوە.
ئاشکراشى کردووە، لە کۆتایدا کۆبوونەوە لە پێناو چارەسەرکردن و بنبڕکردنى کێشە و گرفتەكانی یانەكە و دابینکردنى ئایندەیەكی گەش و باشترکردنى ڕەوەشی یانەکە، گەیشتە ئەو بڕیارانە:-
یەکەم/ سەرۆک و ئەندامانى دەستەى کاتى کارگێڕى یانەى هەولێر، بە گشتیى دەستیان لە کارکێشایەوە و دەست لە کارکێشانەوەکەیان قبوڵکرا.
دووەم/ هەموو ئامادەکارییەک بکرێت بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى ئازادانەى دەستەیەكی تازەی كارگێڕی بۆ یانەی وەرزشی هەولێر، لە ماوەى مانگێک تا 45 رۆژى دیکە.
سێیەم/ بۆ ئەو ماوەیە، واتا لە ماوەى ئەو مانگە تا 45 رۆژەى داهاتوو کە پڕۆسەى هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت، دەستەیەکى کاتى بۆ ئیدارەدانى یانەکە دەستنیشان کرا بەو مەرجەى کە نابێت خۆیان کاندید بکەن بۆ هەڵبژاردنى دەستەى کارگێڕى یانەکە، ئەوانیش بریتن لە بەڕێزان:-
1- تاهیر سابیر – سەرۆکى کاتى یانەى هەولێر
2- زوبێر جەبار، ئەندامى کاتى دەستەى کارگێڕى
3- د.سەرتیپ محمەد عەوڵا، ئەندامى کاتى دەستەى کارگێڕى
4- د.ئیبراهیم محمەد، ئەندامى کاتى دەستەى کارگێڕى
5- د.شوان خالید، ئەندامى کاتى دەستەى کارگێڕى