راوچییەکیان لەگەڵ خۆیان برد
لەسەر دەستگیرکردنى سێ راوچى، کۆماندۆ هەڵیکوتایە سەر بنکەیەکى پۆلیس
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
دواى ئەوەى سێ راوچى لەلایەن مەفرەزەیەکى پۆلیسى دارستانى زینانە دەستگیر دەکرێت، چەند چەکدارێکى کۆماندۆ هەڵدەکوتنە سەر بنکەى پۆلیسى دارستان و یەکێک لە راوچییەکان لەدەست پۆلیس دەردێنن.
چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە، ئەمڕۆ شەممە 8ـى مارسى 2025، مەفرەزەیەکى پۆلیسى دارستانى زینانە، لەکاتى گەڕان و بەدواداچوونەکانیان چاویان بە گروپێک راوچى دەکەوێت و دەکەونە شوێنیان، دواتر راوچییەکان بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە هەڵدێن، بەڵام دواى ماوەیەک ئۆتۆمبێلەکەیان وەردەگەڕێت و پۆلیس سێ راوچیان دەستگیر دەکات.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە زینانە بە964ـی وت،”دواى دەستگیرکردنى راوچییەکان، دەیانهێننەوە بۆ بنکەى پۆلیسى دارستان، بەڵام دواتر ژمارەیەک چەکدارى هێزى کۆماندۆ هەڵدەکوتنەسەر بنکەکە و بە زەبرى هێز و هەڕەشەلێکردن، یەکێک لە راوچییەکان لەگەڵ خۆیان دەبەن”.
وەک باسى دەکات، لە کاتى دەستگیرکردنى راوچییەکان دوو ئۆتۆمبێلى نیسان پەترۆڵ و دوو چەکى جۆرى کڵاشینکۆف و تاپڕێک، دەستیان بەسەرداگیراوە.
زینانە لە ساڵی 1997ـەوە كراوە بە ناحیە، لە رووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای كفریە و لە رووی جوگرافیشەوە هاوسنوورە لەگەڵ قەزای كفری و قەزای دوزخورماتوو.