حاسڵاتی دەرودراوسێ
رۆژنامەی حوڕییەت: پەکەکە مانگی چوار کۆنگرەکەی دەبەستێت
964+
ژووری هەواڵ
هەفتەیەک تێپەڕیوە بەسەر پەیامەکەی ئۆجەلان و تائێستا هەموو شتێک لە بەرژەوەندی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتییە، فەرموون ئەمەحاسڵاتی رووداوەکانی ئەمڕۆی باکوری کوردستان و تورکیایە:
رۆژنامەی حوڕییەتی تورکی بڵاویکردەوە: مانگی نیسانی ئەمساڵ پەکەکە کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندەنەوە گرێ دەدات و بەیەکجاری چەک دادەنێت.
ئەحمەد داودئۆغڵۆ سەرۆکی پارتی ئایندە رایگەیاند: ئێستا لەناو دوو بۆنەی گرنگداین، یەکەمیان مانگی رەمەزانی پیرۆزەو دوومیشیان هاتنە پێشەوەی نەورۆزە، ئێستا باشترین کاتە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی بکەوێتە سەر پێی خۆی.
ئەحمەد داودئۆغڵۆ رەخنەی لە رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆک کۆماری تورکیا گرت کە سیاسەتەکانی روون نییە و وتی، بەڕێز ئەردۆگان لە پشتی پەردە خۆت مەشارەوەو وەرە بەخەڵک بڵێ نیازی چیت هەیە.
پلاتفۆڕمی زانایانی ئاینی ئەستەنبوڵ بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو رایانگەیاند: بانگەوازەکەی ئۆجەلان نەخشەرێگایەکی نوێیەو دەبێت ئارامی و خوشک و برایەتی پێشبکەوێت و ئاشتییەکی شکۆمەندانەی لێ بکەوێتەوە.
هەرچەندە بۆ دوو رۆژ هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان راوەستان، بەڵام ئێوارەی دوێنێ دیسان تورکیا بە کۆپتەر هێرشى کردە سەر گەلى مێوین لە زنجیرە چیای مەتینا لە گوندی بەلاڤە لە دەڤەری نهێلێى قەزای ئامێدی و دواتریش بە فڕۆکەی جەنگی دوو جار بۆردوومانی زنجیرە چیایەکەیان کرد.
دەنگی ئەمریکا بڵاویکردەوە: هیوای کۆتایی هاتنی شەڕ لە نێو خەڵکی کۆبانی پەرەی سەندووەو ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەرکەوتوو بێت، کەشێکی سەقامگیری دروست دەبێت، کە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارەکان.
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە دەڵێت: تێکۆشانی 40 تورکیای گەیاند بەم رۆژە، ئێستاش بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتیی بچێتە پێش، دەبێت دەوڵەتی تورک پابەندی ئاگربەست بێت.
میدیا عەرەبییەکان دەڵێن: ئەو بۆمبەی ئۆجەلان لە ئیمرالییەوە تەقاندییەوە کاریگەرییەکەی تەنیا بە تورکیاوە ناوەستێت و گۆڕانکاری لە وڵاتانی دەوروبەریش دروست دەکات.
میدیا ئیسرائیلییەکان دەڵێن: تورکیا یارمەتی ئیسرائیلی داوە بۆ لێدان لە چەند بنکەیەکی ئێران و حیزبوڵا، کاراکتەری سەرەکی ئەو یارمەتیدانەش هاکان فیدانی وەزیری دەرەوە بووە.