ئاشتی سەردەخرێ؟
حکومەتی تورکیا لە سێ مانگدا دەیەوێ بزانێ پەکەکە چی دەکات
964+
ژووری هەواڵ
حاسڵاتی ئەمڕۆ، گەنگەشەی راست و چەپی قسەو باسەکان لە بارەی دۆخی باکوری کوردستان و تورکیا دەکات؛ وەرن و بخوێننەوە؛
– دەم پارتی دەڵێت: پەکەکە پابەندی خۆی بەرامبەر پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان راگەیاندووە، ئێستا کاتی ئەوەیە تورکیا هێرشەکانی رابگرێت بۆ ئەوەی کەشی لەبار بڕەخسێت تا پەکەکە کۆنگرەی خۆی گرێ بدات و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
– بەمزووانە عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵییەوە پەیامێکی دیکەی دەبێت، پەیامی ئەمجارەی بۆ ژنانەو بەبۆنەی هەشتی مارسەوەیە، پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەڵێت کاتی بڵاوکردنەوەی پەیامەکە نزیکە.
– ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) دەڵێت: ئێمە ئاگربەستمان راگەیاندووە بەڵام سوپای تورکیا گوێ بەوە نادات و لە هێرشەکانی بەردەوامە، بۆیە مافی خۆمانە بەرگری لە خۆمان بکەین.
– پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجەلان داوایان پێشەکەش کردووە بۆ ئەوەی لە کاتێکی نزیکدا بتوانن لە زینداندا بیبینن، پارێزەرەکان لەگەڵ داواکاری گشتی و بەرێوەبەری زیندانی ئیمرالی کۆبوونەتەوە.
– وەزیری بەرگری تورکیا یاشار گولەر رایگەیاند: قۆناغەکە هەستیارەو رێگەنادەین هیچ هۆکارێک ببێتە مایەی رێگری و هەڵوەشاندنەوەی ئەو پرۆسەیەی لە تورکیا دەستی پێکردووە.
– قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دەڵێت: توركیا نزیكەی 100 بنكەی سەربازیی و خاڵی چاودێری لە هەرێمی كوردستان و نەینەوا هەیە، 99 بنکەیان لە خاکی هەرێمی کوردستاندایە و ئەوی دیکەش لە پارێزگای نەینەوایە.
– کەناڵی سکای نیوز بڵاویکردەوە: لە تورکیا هەموو شتێک بەرەو ئەوە دەڕوات پرۆسەی ئاشتی سەربگرێت، بەڵام هێشتا حکومەتی تورکیا لە دۆخی چاودێریدایەو سێ مانگی داناوە بۆ ئەوەی بزانێت پەکەکە چی دەکەن.