برینەکانیان سەختە
خوشک و برایەک بەهۆى یاریکردن بە تەقەمەنى بریندار بوون
964+
وریا فەتاح
بەهۆى تەقینەوەى پارچەیەک تەقەمەنى لە گوندى سۆفیانى سنوورى ناحیەى بنگرد، خوشک و برایەکى تەمەن 4 ساڵ و 7 ساڵ بریندار بوون.
رووداوەکە کاتژمێر 11ـى پێشنیوەڕۆى دوێنێ شەممە، لە گوندى سۆفیانى سنوورى ناحیەى بنگرد، روویداوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2.3.2025، محەمەد عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەرى ناحیەى بنگرد لە بارەى رووداوەکە قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”دوێنێ کاتژمێر 11ـى پێشنیوەڕۆ، لە گوندى سۆفیان لەپشت ماڵى خۆیان خوشک و برایەکى تەمەن 7 ساڵ و 4 ساڵ، تەقەمەنییەک هەڵدەگرنەوە و بەبەرد لێى دەدەن و بەهۆیەوە تەقینەوە روودەدات و خوشک و براکە بریندار دەبن”.
وەک باسى دەکات، کوڕەکە پەنجەکانى دەستى چەپى دەقرتێت و کچەکەش چاوێکى بەسەختى بریندارە و مەترسى لەسەرە، بەڵام پارچەى زۆریان پێوەیە و هەردوکیان لەژوورى چاودێرى چڕن.
“لە هەندێ پێگەى تۆڕى کۆمەڵایەتى وا بڵاوکراوەتەوە کە رووداوەکە ئەمڕۆ روویدا و کچەکە چاوى لەدەست داوە و براکەشى دەست، بەڵام ئەوە هیچى راست نییە، رووداوەکە دوێنێ روویداوە و برینەکانیشیان بەو شێوەیە کە بە 964م وتووە”، محەمەد عەبدولرەحمان واى وت.
بەوتەى بەڕێوەبەرى ناحیەى بنگرد، بڕیارە کەمێکى تر نەشتەرگەرى بۆ کچەکە بکرێت.
سۆفیان گوندێکە، کەوتووەتە ناحیەی بنگرد،لە قەزای دووکانى سەر بە پارێزگاى سلێمانى.