ساغکردنەوە.. وێنەی بارزانی لەسەر بارهەڵگرەکان لانەدراوە

+964

فەهمی نەبی

لەچەند پەیج و دەزگایەک وێنە و ڤیدیۆی چەند بارهەڵگرێک بڵاوکراوەتەوە کە دەوڵەتی تورکیا وێنەی مستەفا بارزانی لە بارهەڵگرەکان لێدەکاتەوە ئینجا رێگەیان دەدات بچنە خاکی تورکیا.

تۆڕ 964 بەدواداچونی بۆ دروستی ئەو بابەتە کردووە، دەرکەوت بارهەڵگرەکانی “دەزگای خێرخوازی بارزانی” ئەو کاتەی کۆمەک دەدەنە بەرکەوتوانی بوومەلەرزەکە وێنەی مستەفا بارزانیان لەسەرە.

رەواج بارزانی بەرپرسی راگەیاندنی “دەزگای خێرخوازی بارزانی” بۆ تۆڕی964 قسەیکرد، دەڵێت: ئەم بابەتە راست نییە، تەنانەت لە تورکیا رووبەڕووی بچوکترین هەستی شۆڤێنی نەبوینەتەوە.

رەواج بارزانی وتیشی “ئێمە دوو لۆگۆمان هەیە، دانەیەکیان کورتکراوەی ناوی دەزگایە BCF، ئەوەی دیکەشیان وێنەی مەلا مستەفای بەسەرەوەیە. ئەوەی تەنیا لۆگۆیەکەیە لە پێشەوەی بارهەڵگرەکانی دەدەین، چونکە تێکدەچێ و دەدڕێن، بۆیە فڕێدەدرێن، لەبەر ئەمەشە وێنەی مەلا مستەفامان دانەناوە، بەڵام ئەوانەی جێگیرن، وێنەی مستەفا بارزانی دادەنێین چونکە چەسپاوە و فڕێنادرێن”.

رۆژی 6ی شوبات، تیمێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتبوو لە 13 بارهەڵگر و چەندین تیمی پزیشکی، بۆ یارمەتی و کۆمەکی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی تورکیا، چوونە ئەو وڵاتە.