باخچەى نزیک بەنداوەکە کرایەوە

ئەمجارە بۆ گەشت بچنە بەنداوى باوەشاسوار

وریا فەتاح

باخچەی بەشی سەرەوەی بەنداوی باوەشاسوار کرایەوە، لەمەودوا هاوڵاتیان کێشەى دانیشتن و سەوزاییان لە نزیک بەنداوەکە نامێنێت.

قائیمقامییەتى کفرى بڵاوى کردەوە، ئەمڕۆ شەممە رێککەوتی 12ـى نیسانى 2025، لە بەشی سەرەوەی بەنداوی باوەشاسوار کارەکانی باخچەی سەر بەنداوی باوەشاسوار کۆتایى هات و دەخرێتە خزمەتی هاوڵاتییانەوە.

وەک ئەوەى قائیمقامییەت بڵاوى کردووەتەوە، باخچەکە لەلایەن سەرمایەدارێکەوە پێشکەشى کفرى کراوە و بەشى باخچەکانى شارەوانى و بەڕێوەبەرێتی گەشتوگوزاری کفری و فەرمانگەی ئاوی کفری، ئەرکى تەواوکردنى باخچەکەیان لەئەستۆ گرتووە.

“باخچەی سەر بەنداوی باوەشاسوار لە چوارچێوەی پرۆژەی بەگەشتیاری کردنی بەنداوی باوەشاسواردە، کە پرۆژەیەکی گشتگیرە و پێکدێت لە پاککردنەوە و کۆنکرێت کردنی دەرچەی بەنداوەکە و دروستکردنی کۆڕنیشێک و دواتر فراوانکردنی رووبەری سەوزایی و دروستکردنی باخچە و کافێ و رێستۆرانت و شوێنی دانیشتنی خێزان و دانانی رووناکی و فراوانکردنی شوێنەکە”، قائیمقامییەتى کفرى وا دەڵێت.