سەندیکای رۆژنامەنووسان قسەیان هەیە

سێ رۆژنامەنووس لە سلێمانی دەستگیر کران

+964

دیلان محەمەد جەزا

سێ رۆژنامەنووس لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیر کران، سەندیکای رۆژنامەنووسانیش لە شارەكە دەڵێت، یەكێك لە رۆژنامەنووسە دەستگیركراوەكان چەند داوایەکی لەسەر بووە.

کاروان ئەنوەر سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە 964ی وت، شەوی رابردوو سێ رۆژنامەنووس لە سلێمانی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کراون، كە پێكهاتوون لە بەشدار بازیانی، نەبەز شێخانی و دانا ساڵح.

وتیشی، “ئاگادارین بەشدار بازیانی چەند داوایەکی لەسەر هەبووە لە دادگا و چەند جارێکی دیکەش بانگ کراوە، بەڵام لە بارەی دوو رۆژنامەنووسەكەی دیکەوە کە دەستگیر کراون، نازانرێت لەسەر چییە”.

ئاماژەی بەوەش دا،  قسەیان لەگەڵ ئاسایشی سلێمانی کردووە و ئەوان روونکردوەیان دەبێت لەسەر دەستگیرکردنیان.

هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار بە 964ی راگەیاند، ئەو سێ رۆژنامەنووسە بە ماددەی 433 ی سزادانی عێراقی دەستگیراون، هۆکارەکەشی هەڕەشەکردن بووە.

ئەو سێ رۆژنامەنووسە لە میدیایەك كاردەكەن بە ناوی دەزگای میدیایی 21.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا