داوا دەکرێت نۆژەن بکرێتەوە
پردەکەی قەرەگۆل مەترسی بۆ هاوڵاتییان درووست کردووە
964+
بڕوا مەجید – ناحیەی زەڕایەن
پردەکەی قەرەگۆل کە شاری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان بەیەکەوە دەبەستێتەوە لەسنوری ناحیەی زەڕایەن، رێگەی هاتوچۆی هەر دوو مەرزی نێودەوڵەتی و لاوەکی پەروێزخان و پشتەی بەسەرەوەیە، رۆژانە دەیان ئۆتۆمبێلی بچوک و بارهەڵگر بەسەر ئەو رێگەیەدا ھاتوچۆدەکەن.
پردی قەرەگۆل لە ساڵی 1958ەوە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانی دروست کراوە، ئێستا تەمەنی پردەکە 67 ساڵە و پێویستی بەنۆژەنکردنەوەی بنەڕەتی هەیە و ئیتر بەرگەی ئەو هەموو لۆدە ناگرێت و گرفتیشی بۆ شۆفێران و هاوڵاتییان درووستکردووە.
ستار رەحیم، دانیشتووی گوندی قەرەگۆلە بە 964ـی وت، لەسنووری گوندەکەمان دوو پرد هەیە، کە پارێگای سلێمانی بە ئیدارەی گەرمیان و پارێزگاکانی خواروی عێراق دەبەستێتەوە،
پردەکە ئاسنە و بەهۆی کۆنییەوە پلێتەکانی رزیوە، چەند جارێکیش لەلایەن حکومەت و هاوڵاتییانەوە نۆژەنکراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەردەوام هاتوچۆیەکی زۆری بەسەرەوەیە وەک خۆی لێهاتووەتەوە.
شۆفێرێکی سەر رێگەکەش بۆ 964 وتی، من دانیشتووی عەربەتم و رۆژانە بەم رێگەیەدا هاتوچۆ دەکەم، پردەکە تەواو تێک چوە و پلێتەکانی بەدەرەوەیە و هیچ قیرێک بەسەر رێگەکەوە نەماوە، جگە لەوانەش هیچ رووناککەرەوەیەکی نییە و ئەمش وایکردووە بەتایبەتی لە شەواندا کێشە بۆ هاوڵاتییان دروست بکات و رووداوی هاتوچۆ دروست ببێت.
ئاوارە حەمە شەریف، بەڕێوبەری ناحیەی زەڕایەن ، بە 964ـی راگەیاند، ساڵی 2021 پردەکە نۆژەن کراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پردەکە ئاسنە پێویستی بە نۆژەن کردنەوەی ساڵانە هەیە، لەساڵی پارەوە نوسراوێکمان کردووە و دەرخستەمان بۆ پردەکە کردووە، بڕەکەیان پێ زۆربووە، دیسانەوە نوسراومان کردووەتەوە و بەدواداچوونمان بۆکردووە لەوەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە رەزامەندنی نۆژەنکردنەوەکەی نێرداروە بۆ وەزارەتی دارایی ئەوانیش رەزامەندییان بۆ نۆژەن کردنەوەکەی دەربڕیوە، چاوەڕێین تەندەرینی بۆ بکرێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر