ئاڵای هەردوو وڵاتی عێراق و چین
لەگەڵ چین
حکومەتى عێراق تاوتوێى رێککەوتنێکى ئەتۆمی دەکات
964+
ژووری هەواڵ
حکومەتی عێراق دەیەوێت لە بوارى وزەى ئەتۆمدا رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی چین بکات.
لەکۆبوونەوەى رۆژى سێشەممەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، دەسەڵات درایە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە هاوکات سەرۆکى دەستەى وزەى ئەتۆمیى عێراقە بۆ دانوستاندن و واژۆکردنى رێککەوتنێک لە بوارى وزەى ئەتۆمدا لەگەڵ حکومەتی چین.
لە راگەیەندراوێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقدا هاتووە، ئەو رێککەوتنە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە بواری وزەی ئەتۆم و لە بواری بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمدایە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنى وەزیران داواى لە وەزارەتى دەرەوە کردووە، بەڵگەنامەی رێگەپێدان بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادە بکات بەمەبەستی واژۆکردنى لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق.