دیمەنى بەفر لە مەرزى کێلێ لە رۆژى 24.2.2025 وێنە: 964+
زیاتر لە دوو کیلۆمەتر دەبڕن
بەپێ هاتوچۆى گەشتیارى لە مەرزى کێڵێ دەستیپێکردەوە
964+
وریا فەتاح
هاتوچۆى گەشتیارى لە مەرزى کێلێ بەشێوەیەکى سنووردا دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام هاتوچۆى بازرگانى دەستی پێنەکردووەتەوە.
ئەوانەى دەیانەوێت هاتوچۆ بکەن دەبێت زیاتر لە دوو کیلۆمەتر بەپێ بڕۆن
عەباس عەزیز، بەڕێوەبەرى گومرگى راپەڕین بە 964ـى وت،”لە دوانیوەڕۆى ئەمڕۆوە، هاتوچۆى گەشتیارى بە شێوەیەکى سنووردا لە مەرزى کێلێ دەستى پێکردووەتەوە”.
وەک باسى دەکات، زیاتر لە مەترێک بەفر لە سنوورى مەرزەکە باریووە و توانیویانە رێگاکە پاکبکەنەوە و بەفرەکە رابماڵن، بەڵام بەهۆى ساردى کەشەکە رێگاکە توشى بەستن بووە و ئۆتۆمبێل ئەگەر دەبڵ ئەکسل نەبێت و زنجیرى نەبەستبێت ناتوانێت سەربکەوێت.
بە وتەى عەباس عەزیز، هاتوچۆى گەشتیارى سنوورداە، چونکە ئەوانەى لەوێوە هاتوچۆ دەکەن، دەبێت لە دیوى هەرێم کیلۆمەترێک و لە دیوى ئێرانەوە زیاتر لە کیلۆمەترێک بەپێ بڕۆن.
لەبارەى هاتوچۆى بازرگانییەوە، عەباس عەزیز وتى،”ئەمڕۆ هاتوچۆى بازرگانى دەستپێناکاتەوە، چاوەڕێین سبەى کەشوهەوا ئاسایى ببێتەوە، بەڵکو بتوانین لە دوانیوەڕۆوە دەستپێبکەینەوە”.
” رۆژانە 150 بۆ 250 بارهەڵگر لە مەرزى کێلێوە هاتوچۆ دەکەن و 800 بۆ 1000 کەسیش لە نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان، دێن و دەچن”، پێشتر عەباس عەزیزى واى بە 964 وتبوو.
مەرزى کێلێ، مەرزێکى نافەرمییە لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئێران، بە دیاریکراوى لە دیوى هەرێمى کوردستان دەکەوێتە سنوورى قەزاى پشدەر و لە دیوى رۆژهەڵاتى کوردستانیشەوە نزیکترین شار لێیەوە سەردەشتە.