پێشتر نه‌وته 104 هه‌زارییه‌كه‌یان ره‌تكردبووه‌وه
دانیشتوانی هەڵشۆ له‌بری سوتەمەنی دار بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه بەکاردەهێنن
964+
محەمەد عەلی ـ پشدەر
دابه‌ش نه‌كردنى نه‌وت، دانیشتوانی ناحیەی هەڵشۆى ناچاركردووه بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان په‌نا ببه‌نه به‌ر به‌كارهێنانى دار، سنووره‌كه‌یان به‌فرێكی زۆره لێباریوه و پله‌ى گه‌رمییه‌كه‌شی له خوار پله‌ى سیلیزییه‌وه‌یه.
لەچەند مانگی رابردوودا نەوتی حکومەتی هەرێم له سنوورى پشده‌ر دابه‌شكرا، به‌ڵام بەهۆی زۆری نرخەکەی ته‌نیا %30 خەڵک نه‌وته‌كه‌یان وەرگرت، به‌شێكی زۆرى ئه‌وانه‌ى وه‌ریان نه‌گرتبوو دانیشتوانى هه‌ڵشۆ بوون.
ئەبوبکر خدر، نوێنەری سامانەسروشتیەکان لەپشدەر، بە 964ـی راگه‌یاند، زۆربه‌ى دانیشتوانی هەڵشۆ نەوتە 104 هەزاریەکەیان رەتکردەوە گوایه نرخه‌كه‌ى گرانه، ئێستاش هیچ باسێک نیە کە نەوت بێتەوە پشدەر و دابەشبکرێت.
لایخۆشییه‌وه، حەسەن هەڵشۆیی، دانیشتوی ناحیەکەیە بە 964ـی وت، تائێستا نەوتیان وەرنەگرتووە، چونكه نرخه‌كه‌ى 104 هەزار دینار بوو بۆ ئه‌وان زۆربوو.
وتیشی ” لێرە، وەرزی سەرما نزیکه‌ی نۆ مانگ درێژەی هەیە، ناوچەکمان شاخاویەو ساردە و شەختەی کردووە، بەناچاری دار بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه بەکاردەهێنین”.
به‌قسه‌ى ئه‌م هاوڵاتییه، بۆ بەڕێکردنی وەرزی زستان لە ناحیەیه‌كه‌یان بۆ هەر ماڵێک، نزیکه‌ی پێنج بەرمیل نەوت پێویستە، كه ئێستا له‌برى نه‌وت دار به‌كارده‌هێنن پێویستیان به زیاتر لە دوو تراکتۆر دار ده‌بێت.
“نرخی یەک تراکتۆر دار 350 هەزار دینارە، بۆیه داواكارین بە نرخێکی گونجاو نەوتی عێراقیمان بۆبێت، چونكه نرخەکەی کەمترە لەو نرخەی لە بازاڕدا دەفرۆشرێت” ئه‌مه‌ش قسه‌ى حەسەن هەڵشۆییه بۆ 964.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن