21 ساڵە ئەوە داوایانە

دانیشتوانی گوندی گەرمک داوای داخستنی کوشتارگەی خانەقین دەکەن

964+

راژان باجەڵان- خانەقین

21 ساڵە دانیشتوانى گوندى گەرمک لە خانەقین، داواى داخستنى گوشتارگەى خانەقین دەکەن، کۆنى کوشتارگەکە و پاشماوە و بۆنە ناخۆشەکەى، دانیشتوانى سنوورەکەى بێزار کردووە.

جەعفەر قەمبەر دانیشتویەکی گوندى گەرمکە و بۆ 964 قسەى کرد و وتى،” بە هاوین بۆنەکە دوو هێندە دەبێت و جۆرەها مێروو لەم شوێنە بەرەو ناو گوندەکە دێن و ساڵانە دەیان کەس توشی چەندین نەخۆشی دەبن لە هەوکردن و خراپبونی کۆئەندامی هەناسە و چەندین نەخۆشییەکى تر”.

موحسن عاسى کە دنیادیدەیەکى گوندەکەیە، لەبارەى کوشتارگەکەوە بە 964ـى وت،”لە پەنجاکانى سەدەى رابردوو ئەو کوستارگەیە دروستکراوە، بەڵام ئێستا کەڵکى کارکردنى نەماوە و هیچ مەرجێکى تەندروستى تێدا نییە”.

بەپێى ئەو دیمەنانەبێت کە 964 تۆمارى کردووە، خوێن و پاشماوەى کوشتنەوەى ئاژەڵەکان لە دەرەوەى کوشتارگەکە گۆماوى کردووە، وێڕاى دروستکردنى دیمەنێکى ناجۆر، بۆنێکى ناخۆشى بە لە دەوروبەرەکەى بڵاوکردووەتەوە.

جەواد فەیزوڵا، قایمقامى خانەقین هاوڕاى دانیشتوانى گوندەکەیە و بە 964ـى وت،”کوشتارگەکە لە ساڵى 2004ـەوە داواى داخستنى دەکرێت، چونکە هیچ مەرجێکى تەندروستى تێدا نەماوە”.

وەک ئەوەى باسى دەکات، بەهۆى ئەوەى تێچووی کوشتارگەیەکى نوێى هاوچەرخ پێویستى بە یەک ملیار دینارە، نەتوانراوە کوشتارگەیەکى نوێ دروستبکرێت، وەکخۆى دەڵێت، ئێستاش هەرچەندە هاوڵاتیان ئەگەر هاوڵاتیانیش هەر جارێک دایبخەن، بەهۆى نەبوونى کوشتارگەوە، ناچارن بیکەنەوە.

قەسابەکانی خانەقین هەموو بەیانییەک لە کوشتارگەکە ئاژەڵ سەردەبڕن و دواى پشکنینی تەندروستی بەرەو بازارەکان دەیبەن، هەرچەندە لە پێشوتردا دانیشتوانی گوندەکە چەندین جار کوشتارگەکەیان داخستووە و رێگایان لە قەسابەکان گرتووە، بەڵام لایەنە ئیدارییەکان کردویانەتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح