شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران رۆژی هەینی دەستپێدەکات – وێنە؛ ئەرشیفی بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوەی و پاراستنی رێگاوبانی سۆران
رێنمایی هاتوچۆ چییە؟
بەهۆی بەفربارین چەند رێگە توشی ئاستەنگی ھاتوچۆ بوون؟
964+
ژووری هەواڵ
بەهۆی بەفربارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، لە زینی وەرتێ، رێگەی سیدەکان بۆ سۆران، مەرزی کێلێ، چیای گارە و رێگای سەنگاو بۆ شاخی سەگرمە و قەرەداغ ئاستەنگی هاتوچۆ دروستبووە و باشترە خۆتان لەو رێگانە نەدەن و گەشت بۆ ئەو شوێنانە ئەنجامنەدەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23.2.2025، هاتوچۆى چەمچەماڵ لە ئاگادارییەکدا بۆ شۆفێران رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە سەرمایەی رووی لە ناوچەکەمان کردووە لەم کاتەدا رێگای سەنگاو بۆ شاخی سەگرمە بۆ قەرەداغ بەکارمەهێنن، چونکە شەقامەکە بەستویەتی، تا بەدووربن لە رووداوی نەخوازراو.
هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنیش، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، رێگەی چیای گارە لە پارێزگای دهۆک بە درێژایی 11 کیلۆمەتر نزیکەی 50 بۆ 120 سم بەفر باریوە و تیمەکانیان سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگەکەن.
لە رێگاى زینى وەرتێش، بەهۆى بارینى بەفر، ئاستەنگى هاتوچۆ دروستبووە، عەباس عەزیز بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین بە 964ـی وت، “لە دوێنێ بەیانییەوە رێگای مەرزی کێلێ لەم دیو و لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە بەهۆی بەفرەوە داخراوە و بەهیچ شێوەیەک هاتوچۆی تێدا ناکرێت”.
“زیاتر لە مەترێک بەفر لە مەرزەکە باریوە و تائێستاش بەفربارین بەردەوامە، بۆیە تیمەکانی رێگاوبان فریای پاککردنەوەی رێگاکە ناکەون”، عەباس عەزیز وای وت.
هاتوچۆی سلێمانیش ئاگاداری هاوڵاتییان و شۆفێران دەکاتەوە کە هەر یەک لە رێگاکانی چاڤیلاند و دۆڵەمیران بەرەو شاخ بەربەستکراون و ناهێڵن هیچ کەسێک تێپەڕێت.
بەهۆی بەفر بارین و شەختە و بەستەڵەک لە رێگای نێوان سۆران – سیدەکانیش ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بووە، قایمقامی سیدەکانیش داوا لە هاوڵاتیان دەکات جارێ خۆیان لەو رێگایە نەدەن.