دووەمین جارە
موفتی پێنجوێنی دوای 73 ساڵ دەگەڕێتەوە پێنجوێن
964+
پەری ساڵح
گەورەیەک بۆ کەس نەبێ سێبەری.. خۆم بۆ بگێڕم لە دەوری ســـــەری، ئەمە یەکێکە لە هۆنراوە جوانەکانی شاعیری کۆچکردووی کورد موفتی پێنجوێنی کە 73 ساڵە ماڵئاوایی لێکردووین، بەمزوانە پەیکەرەکەی لە پێنجوێن دادەنرێت.
کەسایەتی و هونەرمەندە دیارەکانی کوردستان بۆ چێنەر نزاری پەیکەرساز گرنگیەکی تایبەتی هەیە و ماوەیەک بەرلە ئێستاش پەیکەری حەسەن زیرەکی دروستکرد و لە ماڵی سۆفی کەریم لە سلێمانی دانرا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 وتی، ئەمە دووەمین جارمە پەیکەری موفتی پێنجوێنی دروست دەکەمەوە، یەکەمیان بۆ شاری سلێمانی بووە، ئەم پەیکەرەیان بۆ پێنجوێنە و ماوەی چوار مانگە کاری تێدا دەکەم”
بەپێی قسەکانی چێنەر نزار هێشتا دیارینەکراوە لە کام شوێنی پێنجوێن دابنرێت، بەهۆی ئەوەی داڕشتن و قاڵبکردنی پەیکەرەکە ماوە، بەڵام دەلێت لە شوێنێکی دیاری شارەکە دەبێت لەسەر ئەرکی تەها رەسوڵ کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت و دەمانەوێت لە رێگای پەیکەرسازییەوە پەیامی زیندووبوونەوەی نەتەوەکەمان و کەسایەتیەکانمان بگەیەنین بە نەوەی نوێ بەتایبەت لەرووی جلوبەرگی کوردی و رەسەنایەتیەوە.
لە قسەکانیدا باسی لەوەشکرد کە پلانی هەیە دوای ئەم پەیکەرە جارێکی تر پەیکەری حەسەن زیرەک بۆ بۆکان دروست بکات بۆ کێوی ناڵە شینە، پاشان پەیکەری محەمەدی ماملێ.
موفتی پێنجوێنی لە ساڵی 1881 لە دێی بێستانە لە ناوچەی پێنجوێن لەدایکبووە، لە ساڵی 1952 کۆچی دوایی کردووە.