پارێزگاری هەولێر و سەركونسڵی ئێران لە هەولێر
كۆبوونەوەی پارێزگارەكان
پارێزگاری هەولێر بانگهێشتی رۆژهەڵاتی كوردستان كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەركونسڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، پارێزگاری هەولێری بە فەرمی بۆ كۆبوونەوەی پارێزگارەكان بانگهێشت كرد، كە لە یەكێك لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوەدەچێت.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ پێشوازییان ، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر فەرامەرز ئەسەدی و شاندێکى یاوەرى کردووە و لەسەر چەند بابەتێكی پەیوەست بە پەیوەندییەكانی هەولێر و ئێران گفتوگۆیان كردووە.
وتیشی، لە لایەن سەركونسڵێ كۆماری ئیسلامییەوە بە فەرمی بانگهێشتكران بۆ بەشداریكردن لە کۆبوونەوەى فراوانى پارێزگاران، كە بڕیارە لە ماوەی داهاتوو لە شارى کرمانشان یان ئازربایجانى رۆژئاوا (ئورمیە) ساز بکرێت.
پارێزگاری هەولێر ئاشكرای كرد، بانگهێشتنامەكەیان قبوڵ كردووە و هەر لە رێگەی سەركونسڵەوە سڵاوی خۆیان بۆ خەڵكی شارەكانی ئازاربایجانى رۆژئاوا و کرماشان و سنە نارووە.
“بە دیاریكراوی هێشتا كاتی كۆبوونەوەكە نازانم، بەڵام پێشبینیی دەكەم بكەوێتە دوای جەژنی رەمەزانەوە، جگە لەو كۆبوونەوەیەش دیداری دیكەمان لەوێ دەبێت”، پارێزگاری هەولێر وای بە 964 وت.
ئومێد خۆشناو ئەوەشی بۆ 964 باس كرد، كە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە، بە تایبەتی لە بابەتی جێبەجێکردنى تەواوى خاڵەکانى رێککەوتنامەى نێوان پارێزگاى هەولێر و پارێزگای ئازاربایجانی رۆژئاوا، کە پێی وایە لە داوای واژۆکردنى ئەم رێککەوتنامەیە، زۆربەی ئەو کێشە و گرفتانەى لە ماوەى ساڵانى رابردوو لە هەردوو دەروازەى نێودەوڵەتى (تەمەرچن و حاجى ئۆمەران ) هەبوون، کۆتاییان هاتووە.
پارێزگاری هەولێر لە كۆتایی ساڵی رابردوو لە كۆبوونەوەی پارێزگار و سەرۆك شارەوانییەكانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا بۆ ئاشتی و هاوكاری لە شاری ئیستەنبوڵ بەشداریی كرد.
جێی ئاماژەیە فەرامەرز ئەسەدی، لە مانگی 12ی 2024 وەک سەركونسڵی گشتیی ئێران لە هەولێر دەستبەكاربووە، لە شوێنی سەركونسڵی پێشوو نەسروڵڵا رەشنوودی.