"بەکارھێنەرانی مانگ لە دوای مانگ لە زیاد بوونە"
گەرمیان ڕوبەڕوی ماددەی ھۆشبەر دەبێتەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ژمارەیەک چالاکوان و مامۆستای ئایینی لە قەزای کەلار، سیمینارێکیان بۆ رووبەڕووبونەوەی مادەی ھۆشبەر و ھوشیارکردنەوەی گەنجان ئەنجامدا، رێکخراوێکیش دەڵێت، بەکارھێنەری مادەی هۆشبەر لە گەرمیان زیادی کردووە.
ھەیفا مەجید، سەرپەرشتیاری خۆبەخشانی رێکخراوی پاو لە گەرمیان بە 964ـى وت، ”ماوەی دوو ساڵە لە گەرمیان بەدواداچوون بۆ بابەتی مادەی ھۆشبەر دەکەین، بەپێی ئەو داتایانەی دێتە بەردەستمان مانگ لە دوای مانگ بەکارھێنەری مادەی هۆشبەر روو لە زیادبوونە”.
“بەکارھێنەرانی مادەی ھۆشبەر زۆر بە ئاسانی دەستیان دەگات بە مادەکە، کەسی بەکارھێنەر ھەیە تەمەنی 14 ساڵانە، لەھەر دوو رەگەزەکەش بەکارھێنەری ھەیە” ھەیفا مەجید وای وت.
حەیدەر فازڵ، بەڕێوەبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان بۆ 964 وتی، ”بەداخەوە بەپێی ئامارەکان رێژەی بەکارھێنەر و بازرگانیکردن بە مادەی ھۆشبەر لە گەرمیان زیادی کردووە”.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر