رێزیان لێگیرا و بەڕێکران
نزیکەی 400 مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردەی کۆیە خانەنشین بوون
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
دوای بڕیاری خانەنشینبوونی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.2.18، نزیکەی 400 مامۆستا و فەرمانبەری سنووری پەروەردەی کۆیە خانەنشین بوون و لە مەراسیمێکدا رێزلێنانیان پێبەخشرا.
شەهێن عوسمان بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە بە 964ـی وت، “شوێنی ئەو مامۆستایانە بە ئاسانی پڕنابێتەوە و لە گوند و ناحیەکان زیاتر کێشەمان بۆ دروست دەبێت، بە هۆی ئەوەی بە رێژەی 99٪ مامۆستاکان گرێبەستن، بۆیە لە ئێستادا فەراغێکی گەورەمان بۆ دروست بووە”.
هاوکات نەورۆز کەریم کە مامۆستایەکی تازە خانەنشینە، وتی، “لە لایەکەوە دڵمان خۆشە کە خانەنشین دەبین و 40 ساڵی خزمەتمان بەڕێدەکەین، لە لایەکی تریشەوە بێتاقەتین کە خوێندکارەکانمان بەجێدەهێڵین و لە خزمەت دووردەکەینەوە، هیوادارم ئەو گەنجانەی دێنە شوێنی ئێمە لە ئێمە باشتربن”.
تاوەکو ئێستا حکومەت پلانێکی روونی نییە بۆ جێگرتنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی مامۆستا و فەرمانبەرانەی خانەنشین دەبن لە کەرتی پەروەردە و کەرتەکانی تردا، دەرچوویەکی زۆری ساڵانە هەن و دانامەزرێن و شوێنی ئەو خانەنشینانەش بە بەتاڵی دەمێنێتەوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری