"ئەمڕۆ هەموومان لە شەناغە دەبین"

جوتیارانى کورد بۆ ماوەى 48 کاتژمێر کێڵان رادەگرن

964+

وریا فەتاح

دواى گرژییەکانى دوێنێى سەرگەڕان، جوتیارانى کوردى سنوورەکە ئەمڕۆ لە شەناغە کۆدەبنەوە و بڕیارە لیژنەیەکى ئەنجومەنى وەزیران بچێتە کەرکوک بۆ چارەسەرکردنى ئەو دۆخە.

محەمەد ئەمین، نوێنەرى جوتیارانى سەرگەڕان، ئەو کەسەى دوێنێ لەلایەن سەربازێکى سوپاوە بە ملپێچ راکێشرا، بە 964ـى وت،”داوا لە هەموو خزمان و دۆستانمان دەکەین بێن بۆ شەناغە و ئەمڕۆ هەموومان لەوێ دەبین”.

وتیشى،”لەسەر راسپاردەى نوێنەرانى کورد لە بەغدا، بڕیارمانداوە بۆماوەى 48 کاتژمێر کارکردن و کێڵان بوەستێنین، چونکە بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەیەک لە ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقەوە بێتە کەرکوک و بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە لەگەڵمان کۆببێتەوە”.

وەک باسى دەکات، ئەگەر دواى ئەو 48 کاتژمێرە وەڵامى بنەڕەتى وەرنەگرنەوە، دەست بە کێڵان و کارکردن دەکەنەوە لە زەوییەکانیان.

محەمەد ئەمین:
ئەوەى ئێستا کێشەى تێدایە و سوپاى عێراق رێگرى لێدەکات، زەوى جوتیارانى کوردى پێنج گوندى سەرگەڕانن کە پێکهاتوون لە هەریەک لە گوندەکانی (سەربەشاخ، پەڵکانە، خەرابە، گابەرەکە و شەناغە)، کە رووبەرى زەوییەکانیان 35 هەزار دۆنم زەوییە و سەرجەمى هى جوتیارانى کوردە

دوێنێ گرژییەکان لە گوندى شەناغە گەیشتە ئاستێکى بەرز و شەڕى دەستەویەخە لە نێوان جوتیاران و سەربازانى سوپا روویدا، لە کاردانەوەى ئەو رووداوانە، هەریەک لە سەرۆکایەتیى هەرێم و حکومەت و لایەنە سیاسییەکانى کورد راگەیەندراویان بڵاوکردەوە و ئەو رەفتارەى سوپایان بە دوژمنکارانە وێنا کرد.

هەر لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک تایبەت بە پرسى جوتیارانى کورد کۆببێتەوە.

لە گوندی شەناغە ئاڵۆزی لە نێوان جوتیاران و سوپای عێراق ...

لە گوندی شەناغە ئاڵۆزی لە نێوان جوتیاران و سوپای عێراق دروست بوو