شەقامەکانی سلێمانی بێ قیر دەبن
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بەهۆی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی کارگەی قیری تانجەرۆ، شارەوانی سلێمانی قیرکردنی شەقامەکانی راگرتووە و دەڵێن ماوەی دوو مانگ قیری سارد بەکاردەهێنن.
کارگەی قیری تانجەرۆ، کارگەی تایبەت بە شارەوانی سلێمانییە، ساڵی رابردوو بەشی 260 هەزار مەتر قیرتاوکردن، قیری بۆ شارەوانی سلێمانی دابینکردووە.
زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بە تۆڕی964ی راگەیاند: ئەو بڕە قیرەی ساڵی رابردوو کارگەی قیرەکەمان بەرهەمیهێناوە زۆر باش بووە و تەنیا ساڵەکانی پێش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەمان بووە.
دەشڵێت: قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوە شەقامەکانی سلێمانی بە دوو کارگەی ئاواش پێویستییەکانی پڕناکرێتەوە.
964 دەزانێت، لە ئێستادا شارەوانی سلێمانی لە رێگەی قیری ساردەوە چاڵ و چۆڵیی شەقامەکان پڕدەکاتەوە.
“هەموو ساڵێک ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەم تا کۆتایی مانگی ئازار، کارگەکە نۆژەندەکرێتەوە و چاکسازیی تێدادەکرێت”، زەردەشت رەفیق وای وت.