گرژیی نێوان سوپا و جوتیارانی شەناغە

شاخەوان عەبدوڵا: سودانی راوێژكارێكی راسپارد كێشەكە چارەسەر بكات

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

دوای ئەوەی ئەمڕۆ گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان سوپای عێراق و جوتیارانی گوندی شەناغە لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان روویدا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق قسەی كردووە و ئەویش راوێژكارێكی راسپاردووە كێشەكە چارەسەر بكات.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 17.2.2025 شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە فەیسبوكی خۆی بڵاویكردەوە، لەگەڵ سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی پەیوەندیی  كردووە و رووداوەكانی سەرگەڕانی لەگەڵ باس كردووە.

شاخەوان عەبدوڵا دەڵێت، “لە بارەی گرژییەکانی سنووری سەرگەڕان و بەردەوامیی رێگرییەکانی سوپا لە جوتیارە کوردەکان، لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی قسەم کرد و دۆخی سنوورەکەم لەگەل باس کرد،  داوام کرد کۆتایی بەو رێگریانە بهێنێت، بە سوپاسەوە فەریق عەبدولکەریم سودانی راوێژکاری سەربازی راسپارد بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کێشە و گرفتانە بهێنیت”.

هەروەها نووسیویەتی، “دواتریش لەگەڵ فەریق عەبدولكەریم قسەم کرد و بەڵێنی دا بەپەلە تەدەخول بکات”.

ئەمڕۆ یەكشەممە جارێكی دیكە كێشە و ئاڵۆزی لە نێوان سوپای عێراق و جوتیارانی كورد لە گوندی شەناغەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە سنووری كەركوك بەرپا بوو، سوپای عێراق پەلاماری جوتیارانیان دا كە دەیانویست زەوییەكانیان بكێڵن.

لە ماوەی رابردوو پەرلەمانی عێراق یاسای گەڕاندنەوەی موڵك و زەوی ئەو كەسانەی پەسند كرد، كە بەهۆی بڕیارەكانی سەركردایەتی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە، زەوی و موڵكەكانیان لێ زەوت كرا بوو، بەڵام بە قسەی دیلان غەفور بۆ 964، هێشتا بڕیارەكە لە رۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاونەكراوەتەوە و بەمەش بڕیارەكە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

"ئەوەی بەرامبەر جوتیارانی كورد دەكرێت جێگەی قبوڵ نییە"

سبەینێ دادگاى فیدڕاڵى لەسەر سکاڵاى جوتیارانى سەرگەڕان...

سبەینێ دادگاى فیدڕاڵى لەسەر سکاڵاى جوتیارانى سەرگەڕان و داقوق کۆدەبێتەوە