ناوی نەخۆشخانەكەیان گۆڕاوە
دانیشتووانی کۆمەڵگەی هێتوت گردبوونەوە و رێگای سەرەکییان داخستووە
964+
هێڤی دێوالی- دهۆک
، دانیشتووانی کۆمەڵگەی هێتوت بەهۆی گۆڕینی ناوی نەخۆشخانەی كۆمەڵگەكەیان گردبوونەوە و رێگای سەرەکییان بەرەو ئامێدی داخستووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 17.2.2025 ، بەهۆی دەنگۆی گۆڕینی ناوی نەخۆشخانەی 100 تەختی “هێتوت” بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش لە سنووری ناحیەی دێرەلووک، دانیشتوانی کومەڵگەکە ناڕەزاییان دەربڕی ز رێگای سەرەکییان داخستووە و داوا دەکەن ناوەکە وەك خۆی بمێنێتەوە.
عەلی هێتوتی، یەکێکە لە دانیشتووانی کومەڵگەی هێتوت بە 964ـی وت، “بەهۆی دەنگۆی گۆڕینی ناوی نەخۆشخانەی هێتوت، ئێمە گردبووینەوە و رێگای سەرەکیی کۆمەڵگەکەمان داخستووە و قبوڵ ناکەین ناوی نەخۆشخانەکە بگۆڕدرێت، چونکە لەسەر زەویی خۆمان دروستیان کردووە”.
وتیشی، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین پێداچوونەوە بکەن لەسەر بابەتەکە و ناوی نەخۆشخانەکەش دەبێت بە ناوی کۆمەڵگەكەوە بێت.
بۆ یهكهمجار نەخۆشخانەیهكی 100 تەختی له قهزاى ئامێدى دروستکراوە و ناوی نەخۆشخانەکە “هێتوت” ـە، پرۆژەکە لە ساڵی 2020 دەستیپێکردووە، لەسەر رووبەری 21 هەزار و 500 مەتر چوارگۆشە و بە بڕی 43 ملیۆن دۆلار، لە لایەن دوو کۆمپانیانهوه دروست دهكرێت.
نەخۆشخانەکە لە چوار نهۆم پێکهاتووە، پێنج بەش لەخۆدەگرێت، لهناویاندا شوێنى تایبهت به نیشتنەوەی فڕۆكه دروستكراوه.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا