بۆ هێوربوونەوەى دۆخەکە

فەرماندەى فیرقەى 8ـى سوپاى عێراق گەیشتە گوندى شەناغە

964+

کاروان ساڵحى- کەرکوک

دواى گرژییەکانى ئەمڕۆى پێنج گوندى سەرگەڕان و رووبەڕووبونەوەى جوتیارانى کورد لەگەڵ سوپاى عێراق، بۆ هێوربوونەوەى دۆخەکە، ئیستا فەرماندەى فیرقەى 8ـى سوپاى عێراق گەیشتووەتە گوندى شەناغەى سەربە سەرگەڕان.

ئەمڕۆ دووشەممە، جوتیارانى کوردى سنوورى ناحیەى سەرگەڕان، دەستیان کرد بە کێڵانى زەوییەکانیان، بەڵام هێزێکى زۆرى سەرکردایەتى ئۆپۆراسیۆنەکانى کەرکوک بە هەمەڕى سەربازییەوە گەیشتە سەر زەوییەکان و رێگریان لە جوتیاران کرد زەوییەکانیان بکێڵن.

لە کاتى رێگرییەکەدا چەند رووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان جویتاران و سەربازانى سوپاى عێراق روویدا، جوتیارانى کورد رێگرییەکانى سووپا بە دەستدرێژى بۆسەر خاکەکەیان لەقەڵەم دەدەن، هەرچى سوپاى عێراقیشە دەڵێن، هیچ رێنماییەکى نوێیان بۆ نەهاتووە تا رێگە بە جوتیاران بدەن تا زەوییەکانیان بکێڵن.

بۆ هێورکردنەوەى دۆخەکە، لیوا روکن سادق ریسان، فەرماندەی فیرقەی 8ـى سوپا عیراق کە سەرپەرشتی قەزای دوبز دەکات گەیشتە گوندی شەناغەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان.

ئێستا فەرماندەییەکە لەگەڵ پیاوماقوڵان و ریشسپیانى گوندەکە لە کۆبوونەوەدان و دەیانەوێت رێگرى بکەن لە روودانى توندوتیژى.

وەک ئەوەى پەیامنێرى 964 باسى دەکات، دۆخێکى ئەمنى باڵى بەسەر گوندى شەناغەدا کێشاوە و سوپاى عێراق بە هەمەڕى سەربازییەوە، دەورى گوندەکەى گرتووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

سەپاى عێراق بەرۆکى جوتیارانى کورد بەرنادات

سەپاى عێراق بەرۆکى جوتیارانى کورد بەرنادات