پۆلیسی هەولێر
لەسەر شەقام تەقەیان كرد و دەستگیر کران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، چەند تۆمەتبارێکیان بە تۆمەتی تەقەکردن دەستگیر کرد.
پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ ئێوارەی یەكشەممە 16.2.2025 رایگەیاند، ئەم تۆمەتبارانەی دەستگیریان كردوون، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ لایەنی بەرامبەریان دەبێتە دەمەقاڵیان و لە ئەنجامدا توندوتیژیی لێدەکەوێتەوە و ئەمانەش بە شێوەیەکی هەرەمەکی تەقە لە لایەنی بەرامبەر دەکەن.
وەک بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاندووە، هیچ کەسێک لە کاتی بوونی کێشەدا پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە، بەڵکو پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکەن، تا لە رێگای پۆلیسەوە کێشەکانیان بۆ یەکلایی بکرێتەوە و مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
“جەخت دەکەینەوە، هەر کەسێک توندوتیژی ئەنجام بدات و تەقە بکات، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە و دەدرێتە دادگا”، پۆلیسی هەولێر وادەڵێت.
بەڕێوەبەرایەتدی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دوێنێش لە چالاکییەکی دیکەدا، گرووپی (راوچیی کۆیلەکان)ی دەستگیر کرد، کە ئەم گرووپە تاوانی ئەلیکترۆنییان ئەنجام دابوو، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاویان لە ئافرەتان کردبوو.