دیمه‌نی سه‌ردانى یه‌كێك له ئه‌شكه‌وته‌كان... وێنه: شوێنه‌وارى هه‌رێم.
تیمێكی زانکۆی چیکیان له‌گه‌ڵ بوو
بۆ یه‌كه‌مجار چوار ئه‌شكه‌وتی سنوورى هیران و سكتان وه‌كو پێگه‌ى شوێنه‌وارى تۆمار كران
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
شوێنه‌وارى هه‌رێم ده‌ستى به تۆماركردنى چه‌ند ئه‌شكه‌وتێك وه‌كو شوێنه‌وار له سنوورى هه‌ردوو ناحیه‌ى هێرانى سه‌ر به شه‌قڵاوه و سكتانى سه‌ر به كۆیه كردووه، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى شوێنه‌وار ده‌ڵێت، مێژووی ئه‌شكه‌وته‌كان زۆر كۆنه، به‌ڵام تاوه‌كو لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه نه‌كرێت سه‌رده‌مه‌كه‌یان نازاندرێت.
ئه‌شكه‌وته‌كان كه‌وتوونه‌ته سنوورى گونده‌كانى کونەفلوسە و سه‌ردۆڵ و رەشەدۆرى ئه‌م دوو ناحه‌یه‌یه.
كه‌یفی مسته‌فا عه‌لى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى شوێنه‌وارى هه‌رێم به 964ـى راگه‌یاند، له‌دواى تۆماركردنیان وه‌كو پێگه‌ى شوێنه‌وارى لێكۆڵینه‌وه و رووپێوی بۆ ئه‌م ئه‌شكه‌وتانه ده‌ستپێده‌كات و سه‌رده‌مه مێژوویه‌كه‌یان ئاشكرا ده‌كرێت.
وتیشی “ته‌واو زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌كانى ئه‌م ئه‌شكه‌وتانه، له كۆنفڕانسێكدا ده‌خرێته به‌رده‌م رێكخراو و پشپۆڕه شوێنه‌وارییه‌كان بۆئه‌وه‌ى كارى لێكۆڵینه و هه‌ڵكۆڵینى له‌سه‌ر بكه‌ن”.
روونیشیكرده‌وه كه سه‌ردانى ئه‌شكه‌وته‌كانیان كردووه تیمێكی زانكۆى پالمۆى وڵاتی چیكىان له‌گه‌ڵ بووه.
له سنوورى ئه‌م دوو ناحیه‌یه هێشتا ئه‌شكه‌وتى دیكه ماون وه‌كو شوێنه‌وار تۆمار بكرێن، به‌ڵام ئه‌م كاره قۆناغ به قۆناغ ده‌كرێت و له‌م قۆناغه‌شدا ته‌نیا چوار ئه‌شكه‌وتیان له‌م سێ گونده تۆماركردووه.