رێگاکە بەستوویەتی
بەفر رێگای چوون بۆ فێستیڤاڵی خلیسکانێی سەخت کردووە
964+
ئاکام غەفور
بەفربارین ئاستەنگی هاتوچۆی لە نزیک گوندی وێزە باڵەکایەتی دروست کردووە، خەڵکانێکی زۆر کە دەیانویست بۆ فێستیڤاڵی خلیسکانێی سەر بەفر بگەن، بەڵام ئێستا رێگەکەیان لێ داخراوە.
پەیامنێری 964، لە کاتی گواستنەوەی دیمەنەکان نیشانی دەدات، رێگاکە بەجۆرێک سەخت بووە، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریش هاوکاری دەکرێ تا لە رێگاکەدا سەربکەوێ.
لە دوێنێوە بە بەردەوامی بەفر لەو ناوچەیەی باڵەکایەتی دەبارێ، پلەکانی گەرما ژێر سفرن، بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان بێت، زۆرێک لە رێگەکانی چوون بۆ وێزە قەرەباڵغی تیایدا دروست بووە، لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی رێگەکە بەستوویەتی یان شەختەی تێدا درەست بووە.
هەر ئۆتۆمبێلێک دەبڵ ئەکسل نەبێت و زنجیری نەبەستبێت ناتوانێت بگات بە بەرزاییەکانی گوندی وێزە، ئەو بارهەڵگرەشی گیری خواردووە، رێگاکەی بە تەواوی داخستووە، لەگەڵ ئەوەی بەفر بارین بەردەوامە گەشتیارێکی زۆریش رووی لە ناوچەکە کردووە.
فێستیڤاڵی بەفر، فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتییە و رۆژانی 13 و 14ـی ئەم مانگە لە گوندی وێزە بەڕێوەدەبرێ لە هاوینەهەواری پرژێ، ئەمڕۆ کۆتا رۆژی فێستیڤاڵەکەیە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا