لە دەربەندیخان
قوتابییەک بە چەقۆ مامۆستایەکى خۆی بریندار کرد
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
ئەمڕۆ لە قەزاى دەربەندیخان، قوتابییەک بە چەقۆ مامۆستایەک بریندار دەکات و بەڕێوەبەرى پەروەردەى شارەکەش دەڵێت، “یەکشەممە لێکۆڵینەوە دەکەین”.
چەقۆى لە روومەتى داوە
حاڵ و دۆخى دەوامى قوتابخانەکان ئەوەندە باش نییە، کەچى ئەمڕۆ پێنجشەممە 13.2.2025 لە قوتابخانەی دەرسیمی بنەڕەتی لە قەزای دەربەندیخان، لە کاتی دەوام قوتابییەک بە چەقۆ مامۆستاکەی بریندارکردووە و “بەر روومەتی کەوتووە”.
بۆ سۆراغى ئەو بابەتە، 964 قسەى لەگەڵ ھاوار حەمید، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان کرد و ئەویش وتى، “ئەمڕۆ لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ئاگادارکراینەوە کە یەکێک لە قوتابییەکانیان بە چەقۆ مامۆستایەکی بریندار کردووە”.
“مامۆستاکە وانەى بیرکاری دەڵێتەوە، ئێمەش تا ئێستا نازانین ھۆکاری رووداوەکە چییە، رۆژی یەکشەممە بەدواداچوون دەکەین، ھەموو رێکارێکی یاسایی دەگرینەبەر”، ھاوار حەمید وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، مامۆستاکە چەقو بەر روومەتی کەوتوە و دۆخی تەندروستی جێگیرە.
بە وتەى بەڕێوەبەرى پەروەردەى دەربەندیخان، ئەو قوتابییەی کە بە چەقۆ مامۆستاکەی بریندار کردووە، پۆلی نۆی بنەڕەتییە و دوای رووداوەکە دەستگیرکراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح