کوڕێکی ماملێ گیانی لەدەستدا

+964

فەرمان سادق

مەڵبەندی هونەری ماملێ، گیانلەدەستدانی خالید ماملێ کە بە هێدی ناسرا بوو، لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسای راگەیاند.

کاتژمێر 11ـی ئەمشەو، سێشەممە 7ـی شوبات، مەڵبەندی هونەری ماملێ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە “برا و ئازیزمان کاک خالید ماملێ (هێدی) ئەمڕۆ سێشەممە بەهۆی نەخۆشیی درێژخایەنەوە لە پاریس کۆچی دواییکرد”.

خالید ماملێ، کوڕی سێیەم و منداڵی چوارەمی هونەرمەند محەممەدی ماملێیە. ئەو لە تەمەنی گەنجێتیدا لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەستی بە کاری سیاسیی کرد و لە ساڵی 1984ـەوە لە فەرەنسا نیشتەجێبوو.

محەممەدی ماملێ یەکێک لەو هونەرمەندە ناودارانەی کوردستانە کە بەردەوام وەکو قوتابخانەیەک لە جیهانی گۆرانی و ئاوازدا ناوی دەهێندرێت. 

ئەو هونەرمەندە ساڵی 1926 لە مهاباد لەدایکبوو و ساڵی 1999 لەو شارە کۆچی دواییکرد، لە 73 ساڵی تەمەنیدا زیاتر لە 500 گۆرانی تۆمارکرد کە بەشێکیان ئاوازی خۆی بوون.