"هاوڵاتیان ناچاربوون پرسەکانیان ببەنە دەرەوەی شار"
دهۆک کەمیی هۆڵی پرسەی هەیە و بڕیاردرا 10 هۆڵی دیکە زیاد بکرێن
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
وەک هەموو شوێنەکانی دیکەی کوردستان لە دهۆکـیش خەڵک بەدەم یەکەوەن و بۆنە و پرسەکان قەرەباڵغن، ئێستا کەمیی هۆڵیان هەیە و بەڕێوەبەرایەتی مزگەوتەکان لە ئەوقافی دهۆک بڕیاریداوە 10 هۆڵی پرسە زیاد بکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 10.2.2025 کارکەر خەسرەو بەڕێوەبەری مزگەوتەکان لە ئەوقافی دهۆک بە 964ـی وت، “لە چەند هەفتەی رابردوودا هۆڵەکانی پرسە لەناو مزگەوتەکان پڕبوون و هەندێک جار خاوەن پرسەکان ناچاربوون یان لە دەرەوەی دهۆک پرسەکانیان ئەنجام بدەن یان چاوەڕێ بکەن تاوەکو یەکێک لە مزگەوتەکان چۆڵ ببێت”.
باسی لەوەشکرد، بەهۆی کەمی هۆڵی پرسە لە مزگەوتەکان بڕیاریانداوە 10 هۆڵی پرسە زیاد بکرێن، کە حەوت هۆڵیان بۆ ژنان و سێ هۆڵیشیان بۆ پیاوانە، بەوەش ژمارەی هۆڵەکان لە سەنتەری شاری دهۆک گەیشتووە بە 23 هۆڵی پرسە.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی دهۆک، لە ناو سەنتەری دهۆک 92 مزگەوت و له سنورى پارێزگاكهش 174 مزگهوت ههن .
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری