کۆبوونەوەی ئەنجومەنی جوتیارانی پێنجوێن لەگەڵ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
"بەڵێن دراوە دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوون بکەن"
بۆ تەماتەی قاچاخ؛ جوتیارانی پێنجوێن لەگەڵ جێگری سەرۆکی هەرێم یەکیان بینی
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
دوای رووداوەکەی بەرەبایەنی رۆژی پێنجشەممە 6.2.2025، کە بارهەڵگرێک تەماتە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس کە یەکێیان رۆژنامەنووس وریا حەمکەریم بوو، جوتیارانی پێنجوێن ئەمڕۆ چونە لای جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تا هاوردەی تەماتە بە قاچاخ رابگیرێ.
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، هاوردەی تەماتەی قەدەغە کردووە، بەو بڕیارە بێت ئەوەی تەماتەی ئێرانی بێت و لە ناو بازاڕدا بێت قاچاخە.
جوتیار قادر، نوێنەری جوتیارانی پێنجوێن ئەمڕۆ یەکشەممە 9.2.2025 بە 964ی وت، یەک کاتژمێر کۆبوونەوەیان لەگەڵ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە، جوتیاران بەگشتی داوایان لێکردووە بە دواداچوون بکەن بۆ ئەوەی هاوردەی تەماتەی قاچاخ رابگیرێت.
بە قسەی بەختیار قادر، ئەو شەڕەی ئێستا دەیکەن بۆ ئەوەیە کە لەوەرزی پێگەشتی بەرهەمی خۆماڵیدا، پشتگیری حکومەتی عێراق بەدەستبهێنین، لە بارەی هەڵوێستی جەعفەر شێخ مستەفا ئەو نوێنەرەی جوتیارانی پێنجوێن وتی، هەڵوێستی جێگری سەرۆکی هەرێم زۆر باش بوو، دام و دەزگای ئەمنییەکانی راسپارد، بۆ ئەوەی بەدواداچون بکەن لەسەر بابەتەکە.
بە قسەی ئەو نوێنەرەی جوتیاران، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی وتوون، “هەمووان قەرزداری جوتیارانن و دەبێت کاری پێویست و تەواو بکرێت و بەدەم جوتیارانەوە بچین، تاوەکو هاوڵاتیان روو لە بەرهەمی ناوخۆ بکەن و ئەگەر بەرهەمی هاوردەش هەبێت هاوڵاتیان گوێی پێ نەدەن”.
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 26ی مانگی رابردووەوە، هاوردەی تەماتە قەدەغە کراوە، بەڵام رووداوێکی هاتوچۆ کە بەمەرگی رۆژنامەنوسێک و پاڵەوانێکی لەشجوانی کۆتایی هات، پەردەی لەسەر هاوردەی تەماتە قاچاخ لابرد.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا