بەفر رێگای مەرزی حاجی ئۆمەرانی لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە داخست - وێنە: مێهر نیوز
"لە هەندێک شوێن نیو مەتر بەفر باریوە"
بەفر رێگای مەرزی حاجی ئۆمەرانی لە دیوی رۆژهەڵاتەوە داخست
964+
شۆڕش قادری
رێگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەهۆی بەفرەوە داخراوە، بەڵام لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە کێشەی نییە و هاتوچۆ تیایدا ئاساییە.
ئاژانسی هەواڵی مێهر لەزاری لوقمان خوسرەو پوورئازەر قایمقامی پیرانشار بڵاویکردووەتەوە، بەفرێکی زۆر لەسەر رێگای مەرزی حاجی ئۆمەران باریوە و لەئێستادا رێگاکە داخراوە.
پوورئازەر داوایشی لە گەشتیاران و شۆفێرانی ناوچەکە کردووە، تا بۆیان دەکرێت خۆیان لەو رێگایە نەدەن.
سەبارەت بەو پرسە 964 پەیوەندی بە سیروان بارزانی وتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران کرد، ئەو وتی، لەلای ئێمەوە هیچ گرفتێک نییە و هاتوچۆ لە مەرزەکە ئاساییە.
بەپێی میدیاکانی ئێران، لە هەندێک لە ناوچەکانی پارێزگای ورمێ نزیکەی نیو مەتر بەفر باریوە و لە رێگای بەشێک لە شارەکانیش ئاستەنگی هاتوچۆی دروست کردووە، هەر بەو هۆیەشەوە بۆ سبەی یەکشەممە لە 28 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پشووی فەرمی راگەیەنرا.