دهۆک پێداچونەوە بە کوالێتی شوقەکانی دەکات

+964

عەمارعەزیز-دهۆک

ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک، بریاردەدات سێ لیژنە دروستبکات بۆ پێداچونەوە بە یەکەکانی نیشتەجێبوون، بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆکیش دەڵێت دوای بومەلەرزەکە هەندێک لە یەکەکانی نیشتەجێبوون درزی لێ دروستبووە.

کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ سێشەممە 7ی شوبات بەڕێوەچوو.

لە کۆبونەوەکە بڕیاردراوە سێ لیژنە دروستبکرێت، سەردانی هەموو یەکەکانی نیشتەجێبوونی سنووری پارێزگای دهۆک بکەن، هەر یەکەیەک کێشەی هەبێت یان دەبێت چۆڵبکرێت یانیش چاکبکرێت.

کوردۆ ئیسحان، بەرێوەبەری وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆکە، بۆ تۆڕی964ی قسەیکرد و پێیوایە یەکەکانی نیشتەجێبوونی پارێزگای دهۆک کوالێتیان باشە، ئەوەی پێویستە لە رووی ئەندازیاریەوە بۆیان کردوە، بەڵام ئەو دەڵێت هێشتا ناتوانین %100 دڵنیایی بدەین.

کوردۆ ئەوەش دەڵێت: لەئەنجامی بومەلەرزەکەی دوێنێ هەندێک لە یەکەکانی نیشتەجێبوون دەرز دروستبوو، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار”.

دوای بومەلەرزەکەی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 6ی شوبات، بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنان و ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بڕیاریان داوە، رێکارەکانی پێدانی مۆڵەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون توند بکەن، وەک خۆیان دەڵێن “ئەوەی رویدا باشترین ئاگادارکردنەوە بوو بۆ ئێمە کە پێداچونەوە بکەین”.

بەگوێرەی گوتەی پسپۆڕانی بواری جیۆلۆجی لە کوردستان، هەرێمی کوردستان لە زۆنی ژمارە سێیە، ئەمەش بە حیسابی جیۆلۆجی واتا ئەو بومەلەرزانەی رودەدەن زۆربەیجار ژمارە پێنج یان پێنج و نیو تۆماردەکات، واتا کاریگەرەکانی مەترسی گەورە دروست ناکات.

داتاکانی بەڕیوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆک، ژمارەی شوقە و یەکەکانی نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگای دهۆک دەگاتە 20 هەزار یەکە.