"لە نوێژی بەیانییەوە هاتوومە"
خانەنشینانی کۆیە دوای چاوەڕوانییەکی زۆر موچەکانیان وەرگرت
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
دوای چەندین کاتژمێر چاوەڕوانی لە سەرمای بەردەم بانکدا، خانەنشینانی کۆیە موچەکانیان وەرگرت.
بەشێک لە خانەنشینانی کۆیە بە 964ـیان وت، لە بەرەبەیانی زووەوە چوونەتە بەردەم بانک بۆ وەرگرتنی موچەکانیان، بەڵام پێیانوتراوە پارەکە نەهاتووە و دەبێ چاوەڕێ بکەن.
ئاماژەیان بەوەش کرد، لەبەر ئەوەی پارەکە لە هەولێرەوە نێردراوە بۆ کۆیە، بۆیە تا نزیک کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ دەست بە دابەشکردنی نەکراوە.
لەسەر ئەو پرسە لوقمان نەریمان بەڕێوەبەری بانکی باواجی، بە 964ـی وت، “ئەو بابەتە بە دەست ئێمە نییە، زۆرجار کە موچە لە بانکی هەولێرەوە دابەش دەکرێت بەسەر چەند شارێکی تردا، رێکارەکان وای لێدێت و هەندێک جار درەنگ بە دەستی ئێمە دەگات، بۆیە ئێمە لێرە دەبین تاوەکو یەک خانەنشین بمێنێت هەمووی دابەش دەکەین”.
زۆربەی جار ئەو خانەنشیانە کە موچە وەردەگرن، بە هۆی نەبوونی سیستەمێکی رێکخستنەوە، قەرەباڵغییەکی زۆر لەبەردەم بانکەکەدا دروست دەبێت و بە زەحمەت موچەکانیان وەردەگرن، جگە لەوەی هەر کاتێک پارەکە درەنگ بکەوێت لەسەر شەقامی بەردەم بانکەکە زۆر دەمێننەوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری